فوئاد حسێن گەیشتە میسر و كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دەكرێت

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و بەشداری لە كۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبدا دەكات.

بڕیارە سبەی دووشەممە 8ی شوبات، كۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەببرێت و ئامانج لێی تاووتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكەیە لە سایەی ئیدارەی نوێی ئەمریكادا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن.

كۆبوونەوەكە لەسەر داوای ئوردن و میسر ئەنجامدەدرێت و بۆ بەشداریكردنیش تیایدا، ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی شوبات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.

لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرایكرد، “لە كۆبوونەوەكەدا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت وڵاتانی عەرەبی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەكەی بایدن-دا بكەن؟ چارەسەركردنی چەند دۆزێكی ڕێكخراوەییش كە پەیوەستن بە پەیكەربەندیی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبییەوە تاووتوێدەكرێن.”

دوێنێ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەكەی چاوەڕوانە میسر هاوكاری بكات لە لەناوبردنی داعشدا.

فوئاد حسێن لەكاتی وەرگرتنی كارنامەی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێی میسر لە بەغداد وتی، “عێراق خوازیارە هاوكاری و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری و هاوئاهەنگیی ئەمنیی زیاتری لەگەڵ میسردا هەبێت لەپێناو لەناوبردنی پاشماوەكانی ڕێكخراوی داعشدا.”

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك ڕادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

دیپلۆماتکاران و پسپۆڕانی سەربازی بۆ بایدن: گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی باشترین بژاردەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share