وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، كاركردن بە سەكۆی ئەلیكترۆنی كۆتاییهات و دەشڵێت،”چاوەڕواندەكرێت لە دوای پشووەكانی سەری ساڵ و كردنەوەی بازاڕەكان بەهای 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینار و خوارتر دادەبەزێت”.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشتر ئەو بازرگانانەی كە حەواڵەیان دەكرد دەبووایە بچنە سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە، بەڵام ئێستا ئەو میكانیزمە گۆڕدراوە و لە بری ئەوە بانكەكان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بانكەكانی دەرەوە دەكەن كە دوو بانكی نێوەندگیر لە پڕۆسەكەيەدا و میكانیزمێكی نوێیە ئەوەش دوای ریفۆڕم لە سێكتەری دارایی و بانكیدا.
وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی باسی لەوەش كرد، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەم چەند رۆژەدا بەهۆی هەڵە خوێندنەوە بووە بۆ سەكۆی ئەلكیترۆنی و لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكان دوای پشووەكانی سەری ساڵ چاوەڕواندەكرێت بەهای 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینار و خوارتر داببەزێت.