هەسەدە تێكشكاندنی دوو هێرشی گروپە چەكدارەكان لە دەوروبەری شاری مەنبج و بەردەوامیی پێكدادانەكان لە چەند ناوچەیەكی دیكە رادەگەیەنێت.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج رووبەڕووی هێرشێكی توركیا و گروپەكانی لە میحوەری گوندەكانی عەتشانە و مستاحە لە باشووری شاری مەنبج بوونەتەوە و هێرشەكە تێكشكێندرا و بەكرێگیراوان دەركران.
دەشڵێت، لە میحوەری شارۆچكەی ئەبو قلقل-یش، هێزەكانیان رووبەڕووی هێرشێكی گروپەكان بوونەتەوە زرێپۆشێكی (BMB)یان لە دەوروبەری گوندی علوش تەقاندووەتەوە لەگەڵ پەكخستنی تانكێك.
لەو شەڕەدا دەیان چەكداری گروپەكان كوژراون و ژمارەیەكی دیكەشیان برینداربوون، وەك ئەوەی هەسەدە ئاماژەی پێداوە.
روونیشیدەكاتەوە، پێكدادان لە باشوور و رۆژهەڵاتی مەنبج لەنێو بۆردومانی ناوچەكە لەلایەن توركیاوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپهاوێژ بەردەوامە.