كابوس هەموو مانگێك كاریگەری لەسەر نزیكەی 29%ی خەڵك دادەنێت، وەك ئەوەی گۆڤاری “سلیپ میدیسین” لە ساڵی 2009 بڵاویكردوەتەوە، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ خەونی ناخۆش دەبەستێتەوە بە دیاریكردنی نەخۆشیی بیرچوونەوەوە، وەك ئەوەی سایتی “هێلس دایجست” بڵاویكردوەتەوە.
دەشێت دۆخی دژواری ژیان، یان هەندێك دەرمان، یاخود سەیركردنی ئینتەرنێت بەر لە خەوتن كاریگەری لەسەر دروستبوونی خەونی ناخۆش هەبێت، بەڵام بەپێی وتارێك كە ساڵی 2022 لە “ئی كلینك میدیسین- eClinicalMedicine” بڵاوكراوەتەوە، دووبارەبوونەوەی كابوس ئاماژەیە بۆ ماندوێتیی مێشكت.
توێژینەوەیەكی نوێ لەسەر كۆمەڵێك پێگەیشتووی ناوەندی تەمەن ئەنجامدرا “ناوەندی تەمەنیان 50 ساڵ بوو”، لەگەڵ كۆمەڵێكی دیكەی گەورە ساڵان “ناوەندی تەمەنیان 83 ساڵ بوو”، دەربارەی خەونی ناخۆش.
بەپێی ئەنجامەكەی، ئەو پێگەیشتووانەی كابوسیان بینیووە زیاتر لەبەردەم ئەگەری تێكچوونی ژیریدا بوون بە چوار هێندەی ئەوانەی ئەو خەونانەیان نەبینیووە.
لەكاتێكدا ئەو گەورە ساڵانەی ئەو جۆرە خەونە ناخۆشانەیان بینیووە، زیاتر بە دوو هێندە نەخۆشیی زەهایمەریان تیادا دەستنیشانكراوە، بەجۆرێك رێژەی تووشبوون تیایاندا بە رێژەی 89% بووە.
توێژەران پێشنیار دەكەن كە پزیشكان دەتوانن چاودێریی بەردەوامیی خەونی ناخۆش بە درێژایی ژیانی كەسێكی پێشگەیشتوو بكەن، بەر لە روودانی تێكچوونی ژیری یان دەستنیشانكردنی زەهایمەر تیایدا.
لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دەدرێت، بینینی كابوس هەموو كات مانای تووشبوون بە زەهایمەر ناگەیەنێت، چونكە هۆكاری دیكە هەن بۆ بینینی خەونی ناخۆش كە پەیوەندیدارە بە شێوازی ژیانت، بۆ نمونە خواردنێك بەر لە خەوتن، دەشێت میتابۆلیزمت چالاك بكات، ئەمەش وادەكات مێشكت لەكاتی خەوتندا چالاك بێت.
بەهەمان شێوە نەخەوتن بۆ ماوەیەكی زۆر لەدواتردا رەنگە خەونی ناخۆشت تووش بكات. جگە لە خواردنەوەی ئەلكهول یان كافایین.