پەمپ و حەبەکان.. تەندروستیی جیهانی لە چاوەڕوانیی نەوەی دووەمی ڤاکسینەکاندا

تائێستاش کۆرۆنا وەک دوژمنێکی مرۆڤایەتی هێرشدەکاتەسەر سەرتاسەری جیهان، تائێستا زیاتر لە 252 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هەوڵە جیهانییەکانیش بۆ بەرهەمهێنانی نەوەی دووەمی ڤاکسینەکان بەردەوامن.

سوامیناسان گەورە زانای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بەبێ ئارامیی چاوەڕێی نەوەی دووەمی ڤاکسینەکان دەکەین کە بریتین لە حەب و پەمپەکان.

ئەو پسپۆڕەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکردووە، ڤاکسینەکانی نەوەی دووەم لە هەڵگرتن و پارێزگاریلێکردنیان هەروەها لە بەکارهێنانیشیاندا ئاسانتر دەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە 129 ڤاکسین لە تاقیکردنەوەدان هەندێکیان لە تاقیگەکاندان و هەندێکیشیان لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 194 ڤاکسینیش سەرکەوتوونەبوون لە تاقیکردنەوەکاندا.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڤاکسینانە ژمارەیەکی زۆر تەکنیکی پێشکەوتوویان تێدا بەکارهێنراون، لەگەڵ ئەوەشدا کە قۆناغەکانی ئەزموونییان تێنەپەڕاندووە بەڵام متمانەمان بەوە هەیە ژمارەیەک لەو ڤاکسینانە سەرکەوتوودەبن و ئاستی چالاکی و کاریگەرییان بەرزدەبێت، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ڕەزامەندی لەسەر ڤاکسینە گونجاوەکان دەدات و ڕێگەش دەدات پەرە بەهەندێکیان بدرێت بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی دیکە.

دەڵێت، ئەو ڤاکسینانەی لەڕێگەی لووتەوە وەردەگیرێن دەتوانن کاریگەرتربن وەک ئەو ڤاکسینانەی لە هەندێک وڵات بۆ ئەنفلۆنزای وەرزی بەکاردەهێنرێن، ئەوانە دەتوانن ڤایرۆسەکە لەناوببەن تەنانەت ئەگەر گەیشتبێتە سییەکانیش.

تائێستا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕەزامەندیی لەسەر حەوت ڤاکسین داوە، ئەوانەش دروستکراوی کۆمپانیاکانی فایزەر/ بایۆنتێک، مۆدێرنا، ئەسترازێنیکا، جۆنسن ئاند جۆنسن، سینۆفارم و سینۆڤاک و بەهارات بایۆتێکن.

بابەتی پێشتر

عێراق مەرجی پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلی ئاشكراكرد

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی: بەردەوامین لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share