سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “هیچ گرێبەستێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان خزمەتی هاوڵاتییان ناکات”.
مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم کاتەدا کە هاوڵاتییان لە گوزەرانێکی خراپی ئابوریدان وەزارەتی تەندروستی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ تاقیگەی پزیشکی کردووە کە باری شانی نەخۆش و کەمدەرامەتان 100 هێندەی دیکە سەخت دەکات.
وتیشی، بەپێی دەستوور دەبێت خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرتی حکومیدا بن نەک ئامرازێک بن بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیاکان، سەرجەم ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان دەیکات بۆ قازانجی خۆیەتی و هیچ کامیان خزمەت بە هاوڵاتییان ناکەن.
باسی لەوەش کرد، دەخوازین و داوادەکەین بەپەلە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێندرێت و حکومەتی ماوەبەسەرچوو کۆتایی بێت و حکومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت، داوا لە هەموو پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە خەمی هاوڵاتییاندا بن و حزبییانە بیرنەکەنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان وتیشی، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارابوایە دەبوو بانگهێشتی وەزیری تەندروستیمان بکردایە لەسەر ئەو بابەتە و وەڵامی پرسیارەکانمانی بدایەتەوە.