توێژەران گۆڕانێكی بۆماوەییان ئاشكراكرد كە هاریكار دەبێت لە سستكردنی گەشەی گرێی میلانۆما و جۆرەكانی دیكەی شێرپەنجە لەڕێی بەكارهێنانی هێزی كۆئەندامی بەرگرییەوە.
ئەنجامەكانی توێژینەوەیەك كە لە (Journal of Experimental Medicine) بڵاوكرایەوە، ئاماژە بە ئەگەری پەرەپێدانی چارەسەری نوێ دەدات كە ئەنجامی چارەسەرە بەرگرییەكانی ئێستا بەرامبەر شێرپەنجە باشدەكات.
دكتۆر هێشین شی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە سكوڵی پزیشكیی زانكۆی باشووری رۆژئاوای تەكساس (UT Southwestern) رایگەیاند، ئەنجامەكانمان ئاماژەن بۆ جۆرێكی زۆر جیاوازی ئامانجە چارەسەرییەكان كە رۆژێك لە رۆژان بۆ سنووردانان بۆ كۆمەڵێكی فراوانی جۆرەكانی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت.
تیمەكە بۆماوە (جینات)ێكیان بە ناوی (H2-Aa) ئاشكراكرد كە گەشەی شێرپەنجە زیاددەكات، بەڵام جیاكردنەوەی لە خانەكانی بەرگری دەشێت ببێتەهۆی رووبەڕووبوونەوەی گرێ، لەكاتی تاقیكردنەوەی لەسەر مشك توێژەران تێبینییان كرد كە ئەو مشكانەی ئەو پرۆتینەیان نییە كە لە بۆماوەی (H2-Aa)ەوە دەردەچێت، زیاتر توانای بەرەنگاربوونەوەی گەشەی گرێ شێرپەنجەییەكانیان هەیە.
ئەم ئەنجامانە هیوایەكی نوێ بۆ ئەو نەخۆشانە دەهێنێتەدی كە وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەرە كلاسیكییەكانی ئێستای سیستمی بەرگری نییە، هەروەك بوار دەرەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی پراكتیكی لە ئایندەدا بۆ تاقیكردنەوەی ئەم جۆرە لە چارەسەر.