بەهای لیرەی سوری لەبازاڕەکانی دراو بەرزبووەوە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دراوی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو ئەمڕۆ بەهای لیرەی سوری بەرزبووەوە.
وتیشی، بەهای ملیۆنێک لیرەی سوری لە چەند رۆژی رابردوودا 100 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ بۆ 200 هەزار دینار بەرزبووەوە.
لەبارەی بەهای لیرەی تورکییەوە رەوەز میرزا رایگەیاند، لیرەی تورکی جێگیرە و 100 دۆلار بە سێ هەزار و 460 لیرەیە.
باسی لەوەش کرد، بەهای 100 دۆلار 151 هەزار دینارە.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە گرژییە سەربازییەکان لە سوریا پەرەیان سەندووە و گروپە چەکدارەکان لەپێشڕەویدابوون بەرامبەر بە سوپای سوریا و ئەمڕۆش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد-ی سەرۆکی وڵاتەکە راگەیەندرا.