كۆتایی رژێمی ئەسەد.. دەسەڵات لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆك وەزیراندا دەمێنێتەوە

بە جێهێشتنی وڵات لەلایەن بەشار ئەسەدەوە و چوونی گروپە چەكدارەكان بۆ ناو دیمەش كۆتایی بە دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد لە سوریا هێنرا.

ئەحمەد شەرع، سەركردەی گروپی دەستەی رزگاریی شام لە یەكەم بانگەوازی پاش كۆنتڕۆڵكردنی دیمەشق رایگەیاند، نزیكبوونەوە لە دامەزراوە گشتییەكان “قەدەغەیە”.

شەرع كە نازناوەكەی جۆلانی-یە دەشڵێت، دەسەڵات لەژێر سەرپەرشتیی محەمەد غازی جەلالی، سەرۆك وەزیراندا دەمێنێتەوە، تا كاتی بە رەسمی رادەستكردنی.

پەیامەكە لەكاتێكدایە بەیانیی ئەمڕۆ گروپە چەكدارەكان چوونە ناو دیمەشقەوە، پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا پێشكەوتنی بەرچاویان لە ناوچە جیاجیاكانی سوریادا بەدەستهێنا.

شەوی رابردوو محەمەد غازی جەلالی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا پەیامێكی ئاراستەی سورییەكان كرد و رایگەیاند، ماڵەكەی جێنەهێشتووە و نایەوێت وڵات جێبهێڵێت.

جەلالی، كە لە ئەیلولی 2024ەوە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، هیوایخواست هەمووان بە ژیری مامەڵە بكەن و پارێزگاری لە دامەزراوە گشتییەكان بكەن.

بەیانیی زووی ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو ئەفسەری سوپای سوریاوە بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی سوریا بە فڕۆكەیەك وڵاتی بەرەو شوێنێكی نادیار جێهێشتووە.

ئەمەش هاوكات لەگەڵ چوونی گروپە چەكدارەكان بۆ ناو سوریا، پاش كۆنتڕۆڵكردنی شاری حمس.

بابەتی پێشتر

هاوڵاتییانی سوریا بە ئاهەنگگێڕان رۆژیان کردەوە

بابەتی دواتر

کۆشکی سپیی ئەمریکا: سەرۆک بایدن و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێریی سوریا دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share