لەسەر پشتگیری کورد تورکیا هێرشەکانی بۆسەر ماکرۆن دەستپێدەکاتەوە

لەسەر لێدوانێکی دوێنێی ئمانیۆل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کە پشتگیری کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو، میدیاکانی تورکیا هێرشیان بۆسەر ماکرۆن دەستپێکردەوە.

دوێنێ 4ی شوبات، ئیمانیۆل ماکرۆن لە وتاررێکدا باسی لە هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ” ئەمەریکا و فەرەنسا لە سایەی ئەو مرۆڤانەدا شەڕی داعشیان کرد، کەچی دوایی ئەندامێکی ناتۆ بە تیرۆریست ناوی بردن و کەوتە کوشتنیان”.

لێدوانەکەی ماکرۆن وەک پشتگیری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا لێکدرایەوە لەلایەن تورکیاوە و ئەمڕۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆسەر ماکرۆن دەستپێکردەوە.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی لە کاردانەوەی قسەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسادا نوسیویەتی، “ماکرۆن ناتوانێت ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا دژی تیرۆر بشارێتەوە و هەمیشە لە دژی تورکیا باسی گروپەکانی پەکەکە و یەپەگە دەکات”.

لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەی یەنی شەفەقدا هێرشکراوەتە سەر ماکرۆن بەوەی “خۆی هەڵدەقورتێنێتە هاوکێشەکانەوە” و بە وتەی ڕۆژنامەکە ماکرۆن مافی نییە باس لە کشانەوەی تورکیا بکات لە لیبیا و باکوری سوریا.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئیمانیۆل ماکرۆن لە نامەیەکدا وەڵامی حکومەتی تورکیای لەسەر هەندێک پرس دایەوە، بەهۆی نەرمی ناوەڕۆکی نامەکەوە لێدوانە دژەکانی تورکیا و میدیای تورکی بۆسەر ماکرۆن وەستا، بەڵام دوای وتارەکەی دوێنێی جارێکی دیکە تورکیا لە فەرەنسا نیگەرانە.

بابەتی پێشتر

یەحیا ڕەسوڵ: بە هاوکاری ئاسایشی سلێمانی دوو سەرکردەی داعش دەستگیرکران

بابەتی دواتر

مەزڵوم عەبدی دانی نا بە ‌هەڵەکانی ترەمپدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share