پۆلیسی سلێمانی پێنج كەس بە تۆمەتی ڕێگری و لێسەندنی پارە دەستگیردەكات

له ‌شاخەكانی‌ ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ ڕێگرییان له ‌چه‌ند كه‌سێك كردبوو

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە دوو چالاكی جیادا هێزەكانیان پێنج تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد كه‌ له ‌شاخەكانی‌ ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ ڕێگرییان له ‌چه‌ند كه‌سێك كردبوو.

بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، پاش سكاڵای‌ هاوڵاتییه‌ك كه‌ له ‌شاخی‌ ئه‌زمڕ له‌لایه‌ن سێ تۆمه‌تباره‌وه‌ ڕێگریی لێكراوه‌ و ساڵانه‌ی‌ ئۆتۆمبێل ‌و مۆڵه‌تی‌ شۆفێری‌ ‌و بڕێك پاره‌ی‌ لێسه‌ندراوه‌، هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستپێكرد و پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتنه‌وه‌ توانرا ده‌ستگیربكرێن.

دەشڵێت، له ‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنیاندا ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێكدا له ‌جۆری‌ كڵاشینكۆف ‌و ئۆتۆمبێلێك له‌ جۆری‌ (تۆیۆتا- ئه‌ڤه‌لۆن).

پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشیكردووەتەوە، له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ و‌ له‌سه‌ر سكاڵای‌ هاوڵاتییه‌ك ‌و پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر، دوو تۆمه‌تباری‌ دیكه‌ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیركران كه‌ له ‌شاخی‌ گۆیژه‌ ڕێگرییان له‌ هاوڵاتییه‌ك كردبوو و بڕێك پاره‌یان لێسه‌ندبوو. له‌ كاتی‌ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كاندا ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكدا له ‌جۆری‌ (نیسان- سه‌نی‌).

له ‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌ تۆمه‌تباران (ك، ك، أ) و (ك، س، م) و (م، ی، م) و (ژ، ف، ع) و (ف، ج، أ) به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌ پێی‌ مادده‌ی‌ 452 له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

بابەتی پێشتر

قەڵادزێ.. شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕویدا

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: گۆشەنیگای یەکێتی چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەکانە بەسوودی خەڵكی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share