لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆكەخانەیەكی مۆسكۆ، ئالێكسی ناڤالنی، كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا.
پێگەی ئاڕ تی-ی ڕوسی ئاشكرایكردووە، ئەمشەو یەكشەممە 17ی كانونی دووەم، پاش دابەزینی لە فڕۆكە، ئالێكسی ناڤالنی، كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە.
ئەوەش ئاشكراكراوە، بە فەرمانێكی پێشووی دادگا هێزە ئەمنییەكانی ڕوسیا ئەو كەسایەتییەیان دەستگیركردووە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی هەندێك ئاژانس بڵاویانكردوونەتەوە، تەنانەت هێزە ئەمنییەكانی ڕوسیا ژمارەیەك لایەنگری ناڤالنیان دەستگیركردووە، كە وەك پشتیوانی لەو كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنە لە فڕۆكەخانەكە ئامادەبوون.
ئالێكسی ناڤالنی، كە بە كەسایەتییەكی سەرسەختی حكومەتی ڕوسیا ناوزەند دەكرێت، پێشتر ژەهرخوارد كرا و لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا چارەسەری بۆ كرا، بەڵام وێڕای ئەوەی دەیزانی دەستگیر دەكرێت بڕیاریدا بگەڕێتەوە ڕوسیا.