توێژەرانی زانكۆی ویلایەتی میشیگانی ئەمریكی، بەمدواییە ئاشكرایانكرد كە هەنگ دەتوانێت “هەست بە شێرپەنجەی سیییەكان بكات، لەڕێی بۆنی نەخۆشەكەوە، بە بەكارهێنانی هەستی زۆر وردی بۆنكردنی”.
دكتۆر دیباجیت ساها، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە ئەندازیاریی پزیشكی زیندەگیی زانكۆكە رایگەیاند، جیهانی ئێمە پشت بە بینین دەبەستێت، بەڵام جیهانی مێرووەكان بە تەواوی پشت بە بۆن دەبەستێت، بۆیە هەستی بۆنكردن لە هەنگدا زۆر وردە.
ساها و تیمەكەی، كە توێژینەوەكەیان بەمدواییە بڵاوكرایەوە، روونیدەكەنەوە، “گۆڕانكاری لە بۆنی هەناسەدا روودەدات كاتێك شێرپەنجە لەناو جەستەدا زیاد دەكات”.
ئەنجامی توێژینەوەكە بەشدار دەبێت لە دۆزینەوەی رێگای نوێ بۆ ئاشكراكردنی پێشوەختەی زۆرێك لە جۆرەكانی شێرپەنجە، وەك شێرپەنجەی سی، سنگ و كۆلۆن.
تەنها هەنگ نییە كە بۆ هەستكردن بە شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت، بەڵكو ناوەندی “بن فیت”ی تایبەت بە سەگ لە زانكۆی بنسلڤانیا كار لەسەر راهێنانی سەگ دەكات بۆ زانینی بۆنی پەیوەندیدار بە شێرپەنجەوە.
سیندی ئۆتۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندەكە دەڵێت، سەگ هەستێكی بۆنكردنی بەهێزی هەیە، هەروەها توانای مامەڵەی لەگەڵ مرۆڤ هەیە، ئەمەش وایلێدەكات كاریگەر بێت لە گەیاندنی زانیاری بەشێوەیەكی دروست.
سەگی نێو بەرنامەكە لەنێو ئەو خێزانانەدا دەبن كە بەخێویان دەكەن، رۆژانەش دەبرێنە ناوەندەكە “بۆ كاركردن” و راهێنان.
كلارا ویلسۆن-ی توێژەر دەڵێت، هەندێك لە سەگەكان “گرنگی بەو جۆر كارە نادەن، ناشتوانن ناچاریان بكەین، چونكە كاریگەری لەسەر وردیی ئەنجامەكان دەبێت”.
یاریی چێژبەخش دەبێتە هاندەری سەگەكان بۆ كاركردن، سەرەڕای ئەوەی دۆزینەوەی شێرپەنجە بۆ گیاندارەكان وەك یاری دەردەكەوێت، توێژەران بۆیان دەركەوت كە توانای گیانداران “لەپێشترە لە ئامێرەكان لە ئاشكراكردنی شێرپەنجەدا”.
بەپێی توێژینەوەكانی پێشوو هەستی بۆنكردن لە سەگدا لەنێوان 10 هەزار تا 100 هەزار جار بەهێزترە بەراورد بە مرۆڤ.