ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا بڵاویکردەوە، لە رۆژی 7ی مانگی تشرینی یەکەم لە پیۆنگیانگ، ئەنجومەنی باڵای گەلی کۆریای باکوور کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە هەموارکردنەوەی دەستوور دەکات و بڕیاری لەبارەی کۆریای باشووریشەوە دەدات.
ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند پرسێکی دیکەی وەک یاساکانی پەیوەست بە پیشەسازیی و کۆنترۆڵکردنی کوالیتی بەرهەمەکان باسدەکرێن، هاوکات بڕیاری ئەو کۆبوونەوەیە لە دانیشتنێکی لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمانی کۆریای باکوور لە رۆژی یەکشەممە دا درابوو.
لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمەڵەکە کە لە مانگی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی ئەنجومەنەکە داوای هەموارکردنەوەی دەستووری کرد کە تێیدا کۆریای باشوور وەک دوژمنی سەرەکی سەیر بکرێت و جەختیلەوە کردەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە یەکگرتن لەگەڵ کۆریای باشوور کارێکی مەحاڵە.
پەرلەمانی کۆریای باکوور بە دەگمەن کۆدەبێتەوە و بەزۆری رۆڵی ئەو دامەزراوەیە پەسەندکردنی بڕیارەکانە لەسەر پرسەکانی وەک پێکهاتەی کارگێڕی و بودجە و ئەندامەکانی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەش زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان پێکدەهێنن.