كوڕی خاوەن هۆتێلێك لە هەولێر دەڵێت، بە بڕیاری دادگا باوكی لە مافخوراوەوە كراوەتە تاوانبار و دەشڵێت، غەدرێكی تەواو لە كاسبكارانی هەولێر دەكرێت و كەس بەرگرییان لێناكات.
كوڕێكی خەسرەو عوسمان، خاوەنی هۆتێل چوارچرا لە هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، باوكی بە تاپۆ و سەنەد خاوەنی هۆتێل چوارچرا و چەندین هۆتێل و موڵكی دیكەیە، لە دادگای هەولێر بە تاوانی ساختەكردن بە ماوەی ساڵێك زیندانیكردن سزادراوە.
وتیشی، “لە سەرەتادا خۆمان دادخواز بووین بەرامبەر كەسانێك كە هۆتێلەكەمان بە كرێ پێدابوون بۆ ماوەی 15 مانگ بە سوودی 20% بۆ ئەوان، ئێستا دەڵێن ماوەكە 15 ساڵە نەك 15 مانگ، لەكاتێكدا هیچ بازرگانێك نییە هۆتێلەكەی بۆ ماوەی 15 ساڵ بەكرێ بدات، باوكمبان بە ساختەكردن تۆمەتبار كردووە، لەكاتێكدا هەمووان دەزانن كەسێكی دیارە و پێویستی بەوەنییە ساختەكاری بۆ موڵكی خۆی بكات”.
كوڕی ئەو سەرمایەدارە ئەوەشی وت، “ئێمە دادخوازبووین، داواكەمان داخراوە و كردویانین بە تاوانبار، لەسەر تاپۆی خۆمان و ماڵی خۆمان غەدرمان لێكراوە”.
روو لە بڕیاربەدەستانی شارەكەش دووپاتیكردەوە، “ستەمێكی تەواو لە كاسبكارانی هەولێر دەكرێت، هێزی ئیشكردن لە هەولێر نەماوە، قەیسەری دەسووتێت كەس لەسەری بە جواب نایەت، هۆتێل چوارچرا بۆ ماوەی دوو ساڵ داگیردەكرێت كەس لەسەری بەجواب نایەت، غەدرێكی ئاشكراش لە بابی من كراوە”.
كوڕی ئەو سەرمایەدارە داواشیكرد، ئەو ستەمەی لێیان كراوە لاببرێت و مافەكەیان پێبدرێتەوە.