بۆچی هەندێک کەس شەوان بە ئاسانی خەویان لێناکەوێت؟

پسپۆڕانی تەندروستی، بەردەوام باس لەوەدەکەن، هەر مرۆڤێکی پێگەیشتوو پێویستی بە حەوت بۆ نۆ کاتژمێر خەوتن هەیە لە شەو و رۆژێکدا، مرۆڤ لەوە کەمتر بخەوێت زیانی دەبێت بۆی، بەڵام هەندێک کەس کاتێک دەچنە سەر جێگاکانیان ناتوانن بە ئاسانی خەویان لێبکەوێت، ئەوان بەسەر دوو گرووپدا دابەشدەبن.

گرووپی یەکەم ئەو کەسانەن، کە تووشی تێکچوونی خەوی کورتخایەن بوون، دەکرێت چەند رۆژێک یاخود چەند هەفتەیەک بێت، زۆرینەی کات بەهۆی قەلەقی و چالاکییەک یاخود رووداوێکی ژیانەوە روودەدات.

گرووپی دووەم، ئەو کەسانەن کە کێشەکانیان گەورەترن لە چەند رۆژ و هەفتەیەک، بۆ چەند مانگێک درێژەدەکێشێت، ئەمان رەنگە پەیوەندیداربن بە نەخۆشیی دیکەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی نیشانەکانی بریتین لەم خاڵانە، (بە سەختی خەولێکەوتن لە شەواندا، هەڵسان لەخەو لە بەیانیان زوودا، رۆیشتن بەدەم خەوەوە، هەستکردن بە ماندوویەتی لە رادەبەدەر لە رۆژدا، هەستکردن بە بێهێزی و بێتاقەتی، نەمانی توانای سەرنجدان، ئەنجامدانی هەڵە یاخود، تووشبوون بە رووداو).

هۆکارەکان بریتین لە، دڵتەنگی و فشاری دەروونی، گەشتکردن یاخود تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستە بەهۆی ئەوەی کەسەکە هەر جارە و لە کاتژمێرێکدا بخەوێت و هەڵسێت، خووەخراپەکانی بەر لەخەوتن وەک، خواردن لە کاتەکانی نزیک خەوتن، بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر و یاری ئەلکترۆنی و کافاین و نیکۆتین و کهول و  تووشبوون بە دۆخی تەندروستی و نەخۆشی و ئەو دۆخانەی دیکە کە سووڕی خەو تێکدەدەن و لەناو خەڵکدا باون.

پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، چارەسەری ئەم دۆخە سەرەتا رەنگە لای خوودی کەسەکە بێت، بە ئەنجامدانی چەند هەنگاوێک، خەوتن و هەڵسان لەخەو لە هەمان کاتدا بەشێوەی دووبارەبووەوە، نەخەوتن لە کاتی رۆژدا بۆ ئەوەی خەوی شەو تێکنەچێت، کەمکردنەوە یان بە تەواویی دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کافاین لە شەواندا و کەمکردنەوەی فشار و بیرکردنەوەی لە رادەبەدەر.

کاتێکش ئەمانە سوودیان نەبوو، ئەوا کەسەکە پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنین و گەیشتن بە هۆکارەکەی و وەرگرتنی چارەسەر بەپێی دۆخەکە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی: بڕیارماندا مانگانە مینحەیەک بدرێتە مامۆستایانی ئاینیی خۆبەخش

بابەتی دواتر

ژمارەی بەکارهێنەرانی ChatGPT گەیشتووەتە 200 ملیۆن کەس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share