30-30-30.. وردەكاریی رێگایەكی جیاواز بۆ دابەزاندنی كێش

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رێگەیەكی نوێ كە بە “30-30-30” ناودەبرێت بڵاوكرایەوە، بانگەشەكانی دەڵێن هاریكار دەبێت بۆ لەدەستدانی چەوری لەلەشدا.

بیرۆكەی رێگەی 30-30-30، بریتییە لە خواردنی 30 گرام پرۆتین لەماوەی 30 خولەكی پاش هەستان لەخەو، بەدواشیدا 30 خولەك ئەنجامدانی وەرزشی سوك، وەك بەپێ رۆیشتن، یۆگا، مەلەوانی یان پاسكیلسواری.

ئیما لینگ، بەڕێوەبەری زانستی خۆراك لە زانكۆی جۆرجیای ئەمریكی وتی، بیرۆكەی ئەم رێگەیە بۆ یەكەمجار لە كتێبێكی تیمۆسی فیرێس-ی ئەمریكی لە ساڵی 2010دا خراوەتەڕوو، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە.

توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری “نترشن ریڤیوز” بڵاوبووەتەوە دەڵێت، خواردنی 30 گرام پرۆتین لە بەیانیاندا سوودی دەبێت بۆ دابەزاندنی كێش، چونكە پرۆتین وزەی زیاتری پێویستە بۆ هەرسكردن، ئەمەش وادەكات مرۆڤ هەست بە تێربوون بكات و، رێگریدەكات زیادەڕەوی لە خواردندا بكات.

سابرینا جو، راهێنەری لەشجوانی دەڵێت، لەجیاتی هەستان لەخەو و خواردنی ژەمێكی پڕ لە شەكر، دەشێت ژەمێكی دەوڵەمەند بە پرۆتین هاریكار بێت لە سەقامگیریی ئاستی شەكر لە خوێندا “كە دەبێتەهۆی سنووردانان بۆ خواستی زۆر لەسەر خواردن و، هاریكار بوون لە بونیادنانی ماسولكە”.

وەرزشی سوك بۆ ماوەی تەنها یەك كاتژمێر، سێ جار لە هەفتەیەكدا، فشاری خوێن كەمدەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی بڕێكی زۆر كالۆری سەرفناكات وەك ئەوەی لە راهێنانە قورسەكاندا هەیە، جو وای وت.

رێنوێنیش دەكات بەوەی پێویستە جێبەجێكردنی رێگەی 30-30-30، بەشێك بێت لە بەرنامەیەكی بەرفراوان كە پەیڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكیی هاوسەنگ لەخۆبگرێت، لەگەڵ ئەنجامدانی وەرزش بەشێوەیەكی رێكخراو و پابەندبوونی تەواو بە بەرنامەكەوە.

لای خۆیەوە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رێنوێنی ئەو كەسانە دەكات كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 64 ساڵدایە، لانیكەم هەفتانە 150 خولەك راهێنانی جەستەیی ئاسایی و سوك ئەنجامبدەن، یان 75 خولەك راهێنانی قورس ئەنجامبدەن.

لەگەڵ پەیڕەوكردنی ئەم جۆرە سیستمە خۆراكییەدا جەختدەكرێتەوە لەسەر پێویستیی فەرامۆشنەكردنی سەرچاوە خۆراكییەكانی دیكەی وەك ریشاڵ و كاربۆهیدرات، هەروەها پشتگوێنەخستنی پرۆتین لە ژەمەكانی دیكەدا.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی هەرێم: ئەنجامدەرانی تاوانەکەی ئەمڕۆ سەر بە داعشن

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر: تاوەکو ئەم بەروارە بایۆمەتری نەکەن مووچەکانتان رادەگیرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share