توێژەرانی زانكۆی دێربیی بەریتانیا بە رێكەوت پارچە زەوییەكیان دۆزییەوە كە درێژییەكەی زیاتر لە 400 كیلۆمەترە و دەكەوێتە خوارووی گەرووی دەیڤس، لەنێوان كەنەدا و گرینلاند، لەمیانەی توێژینەوەیەك سەبارەت بە جوڵەی تەكنۆنیی پلێتەكانی ناوچەكە.
توێژەران رایانگەیاند، كیشوەرە بچوكەكەی گەرووی دەیڤس كە تازە دۆزراوەتەوە، كوتلەیەكی تەكتۆنییە و بووەتە كیشوەرێكی جیاواز، لە میانەی “درزێكی دروستبووی ژێر قوڵایی دەریا لەنێوان گرینلاند و كیشوەری ئەمریكای باكوور دروستبووە”.
دكتۆر جۆردان فیسیان بە پێگەی (Phys.org)ی تایبەت بە فیزیای راگەیاند، لێكترازان و دروستبوونی كیشوەری بچووك دیاردەیەكی تەواو بەردەوامە، لەگەڵ هەر بومەلەرزەیەكدا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، درزێکی سەرەتایی نێوان کەنەدا و گرینلاند نزیکەی 118 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، بەڵام تا 61 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بنی دەریا دەستی بە فراوانبوون نەکردووە لەو شوێنەی ئەمڕۆ بە گەرووی دەیڤس ناسراوە.
گۆڕانکارییەکە بۆ ماوەی نزیکەی 33 ملیۆن ساڵ بەردەوام بوو و تەنها کاتێک وەستا کە گرینلاند لەگەڵ دوورگەی ئێلێسمێردا پێكیدادا کە دەکەوێتە باکوورەوە.
توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، هیوادارن بتوانرێت كەڵك لە دۆزینەوەکانیان وەربگیرێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی دروستبوونی کیشوەرە سەرەتاییەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهان، لەوانە کیشوەری بچووکی یان ماین لە باکووری رۆژهەڵاتی ئایسلەندا و گۆڵدن درەیک نۆڵ لە کەناراوەکانی رۆژئاوای ئوسترالیا.