ڕۆبۆتە بکوژەکان مشتومڕ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دروستدەکەن

لە کۆبوونەوەی دوێنێی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ژمارەیەک لە شارەزایانی زیرەکیی دەستکرد و ستراتیژی سەربازی بەشدارییانکرد، بەمەبەستی سنووردانان و ڕێکخستنی چەکی خودکار، کە یەکێکە لەو چەکانەی لەدوای خەیاڵی زانستییەوە ئێستا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، سەرەتا زۆرینەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە 125 وڵات بوون یەکدەنگبوون لەسەر دانانی مەرج و سنووردارکردنی ڕۆبۆتە بکوژەکان، لەگەڵ ئەوەشدا لەناو ئەندامانی ئەنجومەنەکەدا لایەنی نەیار هەبوون بۆ ئەو سنووردارکردنە کە کار لە بواری پەرەپێدانی ڕۆبۆتە بکوژەکان دەکەن بەتایبەت ئەمریکا و ڕوسیا.

ڕێککەوتنی چەکی ئاسایی لە ساڵی 1980 ئەو چەکانەی مەرجدارکرد کە دەبنەهۆی برینی زۆر یان ئەو چەکە لەیزەری و تیشکییانەی دەبنەهۆی کوێربوون، هەروەها چەکە هەڕەمەکییەکانی وەک تەقەمەنییەكان، بەڵام لە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەدا هیچ ناوێکی ڕوونی “ڕۆبۆتە بکوژەکان” نەهاتووە.

شارەزایانی چەک و زیرەکیی دەستکرد لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا هەلێک بۆ دانانی مەرج و سنوور هەروەها ڕێکخستنی ڕۆبۆتە بکوژەکان دادەنێن لەچێوەی ڕێککەوتنی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

بەڵام شارەزایان تائێستا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێک لەبارەی بنەڕەتی مەترسییەکانی ڕۆبۆتە بکوژەکان و چۆنێتیی ڕێگریلێکردن و ڕێکخستنیان.

ڕۆبۆتە بکوژەکان

بۆچوونەکان سەبارەت بە پێناسەی ڕۆبۆتە بکوژەکان جیاوازن، بەڵام دیارترینیان ئەو چەکانەن خۆبەخۆ بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ و بەپشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد بڕیارەکانیان دەدەن.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاریهێنان ناچنە چێوەی ڕۆبۆتە بکوژەکانەوە، چونکە لە دوورییەکی زۆرەوە لەلایەن مرۆڤەوە ئامانج و هێرشەکان دیاریدەکرێن.

ڕەخنەکان چین؟

ڕەخنەگران بەرهەڵستیی ڕۆبۆتە بکوژەکان بەوە دەکەن کە کارێکی دوور لە ڕەوشتە بڕیاری ژیان و مردنی مرۆڤ بدرێت بە ڕۆبۆتێک، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئامێرێک چۆن دەتوانێت جیاوازی لەنێوان منداڵێک و پێگەیشتوویەکدا بکات؟!.

پیتەر مۆریر بەڕێوەبەری لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کە بەرهەڵستکارێکی گەورەی ڕۆبۆتە بکوژەکانە دەڵێت، “سپاردنی بڕیاری مردن و ژیانی مرۆڤایەتی بە ڕۆبۆتە خودکارەکان و ئامێرەکان کارێکی نامرۆڤانە و دوور لە ڕەوشتە و مەترسییە بۆسەر ڕەوشتی کۆمەڵگا”.

بەر لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ داوایکرد، بڕیاری پێویست لەبارەی کۆنترۆڵکردنی ڕۆبۆتە بکوژەکان و چەک بەگشتی لەلایەن مرۆڤەوە بدرێت، هەموو لایەنەكانیش پابەندبکرێن بە یاسایەک کە مرۆڤ کۆنترۆڵی سەرجەم چەکەکان بکات لە هەموو کاتێکدا.

ئەوانەی پاڵپشتی دەکەن چی دەڵێن؟

وڵاتێکی وەک ڕوسیا پێیوایە هەر بڕیارێک لەبارەی چەکە خودکارەکان و ڕۆبۆتە بکوژەکان پێویستە ڕای هەمووانی لەسەربێت و ڕەزامەندی نێشانبدرێت، ئەمریکاش دەڵێت ئەو یاسا و ڕێککەوتنانەی تائێستا هەن سەبارەت بە ڕێکخستنی چەک لەئاستی پێویستدان، هەر بڕیار و ڕێککەوتنێک بۆ قەدەغەکردنی چەکی خودکار و ڕۆبۆتە بکوژەکان بڕیارێکی پێشوەختەیە و ئێستا زووە بۆ ئەو بڕیارە.

بابەتی پێشتر

شاندی ئێران ئەنجامی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان دەباتەوە تاران

بابەتی دواتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەنچلۆتی پێش یارییەكەی قادش

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share