ستران عەبدوڵا: چەمینەوە و چەماندن

ستران عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی لە وتارێکدا کە لە ژێر ناونیشانی چەمینەوە و خۆ چەماندن بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، چەمینەوە و چەماندن خۆی لە خۆیدا کێشە نییە.. ئەمە بابەتی پشت و و فەقەراتی پشتە.. وەکو چۆن راستە و رادەبێتەوە، قیت قیت دەبێتەوە، ئاواش دەچەمێتەوە و دایدەنوێنێتەوە، ئیتر ئەمە مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە، مەسەلەکە ئەمەیە بۆ کێ و لە کوێ و بۆچی دەچەمێیتەوە؟.

تەواوی وتارەکەی ستران عەبدوڵا

چەمینەوە و چەماندن

چەمینەوە و چەماندن خۆی لە خۆیدا کێشە نییە.. ئەمە بابەتی پشت و و فەقەراتی پشتە.. وەکو چۆن ڕاستە و ڕادەبێتەوە، قیت قیت دەبێتەوە، ئاواش دەچەمێتەوە و دایدەنوێنێتەوە، ئیتر ئەمە مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە. مەسەلەکە ئەمەیە بۆ کێ و لە کوێ و بۆچی دەچەمێیتەوە؟
بۆ بێگانە و ئەغیار و نەیار، یان بۆ میللەتی خۆت و لە ناو جەماوەری خۆتدا؟

لەسەر ئەمە بوو مام جەلال دەیوت: پشت بە خوای خۆمان، خەڵکی خۆمان و خودی خۆمان دەبەستین. میللەتی خۆمانە و لەگەلی خۆمان بێ منەت نین.

بلا خۆ بچەمێنە، شان ماچ بکا و قەسەم بە ریش بخۆ، بەڵام هی بێگانە و ستەمکار و دیکتاتۆر نا کە مەعلومە خۆشیان بە خێری و خۆشی میللەتەکەت نایە، هی میللەتی خۆت کە سیحری پەنهانی پێیە وەختێک موحتاجی وی دەبیت.

کاکە خۆ بچەمێنە لە بەردەم ویستی میللەتەکەت وەختێ داوای مووچەی لە وادەی خۆی و گوزەرانی شەرەفمەندانە ترت لێدەکا و کاتێک خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئاوەدانی شایانی سێ دەیەی دوای راپەڕینی پێویستە.
داینەوێنە و لە جێی ئەفسانەی (هەژماری من) گوێ لە هاواری من و ئەوانە و هەموومان بگرە کە پێش راپۆرتەکانی ئەمنستی و خارجیەی دونیا بە کوردی و کرمانجی پێتدەڵێین گرتن و هەندێک دادگای کەیسسازی و ستەمی سیاسیی دەستپێک و سەرەتان بۆ نەمانی شەرعیەتی حوکمڕانی و سەرەتانێکن کە دوایی تەشەنە دەکا و تەنی هەموو نیشتمان دەگرێتەوە.

بۆ گەل بچەمێوە و شانی ماچ بکە و بە ریشی قەسەم بخۆ کە پێت دەڵێ دانیشە و با بەشێنەیی حیکایەت و نەقلی هەموو خۆبەزلزانەکانت بۆ بگێڕمەوە وەختێک دوای بێدەنگکردن و کپکردن و خەساندن ناچار دەبیت بۆ بێگانە و داگیرکەرانی بسەلمێنی و بۆیانی بچەمێنیتەوە، چونکە هاکە لە تەنگانە و لە تەنیایی وەحشەتناکدا زانیت چەند دوور کەوتویتەوە و چۆن پشتت نییە و بۆ پاڵپشتی خۆت مەرجی قورست لەسەرە.

ئاخر کە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ناسەلمێنی و ماف و ئیستحقاقیان نادەیت و ئازادی و خواست و خەیاڵیان زەوت دەکەی، دوای دەخەی و پێچە بە دەورەی تیا دەکەیت، ئێ مەعلومە لێت تەوەللا دەبن و رەواییت دەخەنە ژێر پرسیارەوە، ئێ مەعلومە سەرەنجام بۆ رەوایی بە دوای پشت و پەناوە دەبیت و دەچەمێیتەوە و سیناریۆسازی جارانی دەکەیت. ئێ مەعلومە کورد دەریای نییە تا وەکی کابرا شەتولعەرەبەکەی بفرۆشی و دیزاینی نەوتیش وا شەمزاوە ماپەکەی ناچێتەوە سەر هیچ بەندەرێکی دۆست.

مەسەلە چەمین و خۆ چەماندن نییە، وەڵا هێزی رەسەن و خاکی و خاکەڕا ، کوردانە و خۆمانە چی لێ چاو نییە بۆ گەلەکەی. بە چەمینیەشەوە.. یاخوا پشتی وا کە بۆ میللەتی خۆی دەچەمێتەوە هەر پایەدار و تەندروست باش بێ و دەرەقەتی ئەم باری سەرشانە بێت. دەرەقەتی ئەم شەڕی ئیرادە و ئەم ویستە کوردستانییە بێت .

دەرفەتە کە دوور لە جیاکاری نیشتمانی و دوور لە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کە ئێستا وا زەق بۆتەوە خەریکە ئاشتی کۆمەڵایەتیش تێکدەدا ، بۆ گەلی خۆت، بۆ را و ئیرادەی گەلی خۆت بێیتە سەر خەت و داینەوێنی، رازی بکەیت و نازی بکێشی و ماملێ وتەنی (بەردی بۆ هەڵبگری بە شانان) دەرفەتە لە عینادی بۆش و بەتاڵ بێیتە خوارەوە و کەمێک لە نرخی لوتبەرزی دایشکێنی.

وا بکەیت رووسوری دونیا و قیامەتی و ئینجا سەربەرزی ناو دەوڵەتانی و حاکمی تا قیامەتی ناو وڵات و مەملەکەتی خۆتی.

گەلەکەت گەلێکە قوربانیدەر و شەهیدپەروەرە ، شایانی زۆر لەوە زیاترە کە چۆر چۆڕی بدەیتێ . گەلەکەت سەبری زۆرە و ترسی کەم.. بۆی بسەلمێنە تا تەفویزت بداتێ و گرێبەستەکەت بۆ نوێ بکاتەوە.تا هەرێمەکەت بپارێزێ و چاوی تەماعی بێگانەی لێ دوور بخاتەوە.
ئەم نرخە بە دروای خۆماڵیە و هەرزانترە تا نرخی گەورەی خەرجی بێگانان کە بە دراوی قورس و گرانە، پێت ناکرێ و قەرزاری بازاڕی بێ رەحمانەت دەکات.

بابەتی پێشتر

حکومەتی کوەیت: هیچ کەسێکی بێکارمان نییە

بابەتی دواتر

کرێی مانگی حوزەیرانی مۆلیدە ئەهلییەکان لە شاری سلێمانی ئاشکراکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share