وەزارەتی شارەوانی: لە چاکسازیی گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوە 7 ملیار دینار بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانونی دووەم ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو چاکسازییانەی لە گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە شاری هەولێر کراون، ساڵانە حەوت ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆسەی تەندەرینگ و بانگەواز بۆ (10) پرۆژەی كۆكردنەوەی خاشاك و گواستنەوە و خاوێنكردنەوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆ كرا”.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە کە بە پێی گرێبەستە نوێیەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە، ساڵانە بڕی نزیكەی 7 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە و كوالێتی پرۆسەی خاوێنكردنەوەش بەرزكراوەتەوە و چەند زۆنێكیش زیادكراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، پرۆسەی تەندەرینگەکە بە بەشداریی 12 کۆمپانیای ناوخۆیی ئەنجامدراوە ئەمەش دوای ئەوەی گرێبەستە کۆنەکانی خاوێنکردنەوە لە 2020/12/31 ەوە کۆتاییانهاتووە، وەزارەتی شارەوانی دەشڵێت، “لەمەودوا بە پارەیەکی کەمتر و کوالێتی بەرزتر خۆڵ و خاشاکی هەولێر کۆدەکرێتەوە”.

وەزارەتی شارەوانی ڕاشیگەیاند، شەش پرۆژە لە گرێبەستە نوێیەکانی خاوێنكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرن و هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی ناو شار دەگرێتەوە. چوار گرێبەستەكەی دیكەشیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن و بەسەر زۆنەكانی: بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، عەنكاوە، بەحرکە، شاوێس، پیرزین، سێبەردان، کانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، هەریر، باسرمە، بالیسان، کۆڕێ و هیران، دابەشكراون.

باس لەوەشدەکات، لە گرێبەستە نوێكاندا جگە لە گەڕانەوەی نزیکەی حەوت ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، لە رووی هونەرییشەوە، چەندان زۆنی خاوێنكردنەوە زیادكراون و سیستەمى  (GPSیش بۆ چاودێریکردنى ڕێڕەوى کارکردنى ئامێرەکان دادەنرێت و كوالێتی پرۆسەكەش بە گشتیی گۆڕانكاری بەسەردادێت.

هەروەها لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێریش ژمارەی پرۆژەكان لە شەش پرۆژەوە بۆ هەشت پرۆژە و 132 ئامێری خزمەتگوزارییش زیادكراون، واتە لە گرێبەستە نوێکاندا بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە سێکتەری خاوێنکردنەوە، ژمارەى ئامێرەكان بۆ 614 ئامێر زیادكراون.

بابەتی پێشتر

پلاسخارت داوای كەمكردنەوەی دژوارییەكانی بەردەم دانیشتووانی شەنگال دەكات

بابەتی دواتر

(343) ڕۆژە دیۆکۆڤیچ لە لوتکەدایە و پارتی لە ئاستی کچان یەکەمە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share