بافڵ جەلال تاڵەبانی: هونەرمەندان لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی گەلی كورددا رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان گێڕاوە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیی لە هونەرمەندانی دیاری میللی کورد سەڵاح مەجید، زاهیر جەلال، مەحمود محەمەد و جەزای ساز كرد.

لەدیدارەكەدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هونەرمەندانی كرد سەرەڕای هەوڵەكانیان بۆ پێشخستنی هونەر و فەرهەنگی كوردی، لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی گەلی كوردیشدا خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی بوون و رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان گێڕاوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “هونەر بەشێكی گرنگ و دانەبڕاوی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، بێگومان بە رێز و پێزانینەوە لە هەوڵ و بەخششی هونەرمەندانی كورد دەڕوانین و شانازیی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەكەین كە تۆماریانكردووە”.

روونیشیکردەوە، ئەگەر دابڕانێك لەنێوان حزبەكە و هونەرمەنداندا هەبووبێت، ئەوا داوای لێبوردن دەكەین و دڵنیایان دەكەین لەداهاتوودا بە سیاسەت و ستراتیژێكی نوێوە لەخزمەت هونەر و فەرهەنگی كوردیدا دەبین وەك ئەوەی هێرۆخان لە رابردوودا ئەنجامیداوە و هەمیشە پاڵپشتی هونەرمەندان بووە.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ سوپاسی پشوودرێژیی هونەرمەندانی كوردستانی كرد و رایگەیاند، “پێزانینمان هەیە كە سەرباری ئاستەنگی و قەیرانەكان، هەوڵی پێشكەوتن و داهێنانتان داوە، ویستووتانە هونەر زمان و پەیامی ئێوە بێت، بێگومان ئێمەش لەداهاتوودا هاوڕێ و هاوكارتان دەبین.”

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە ئاسایشی هەولێرەوە

بابەتی دواتر

رێگایەکی ئاسان یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی لە چەند خولەکێکدا بخەویت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share