پۆلیسی سلێمانی: کەسێک کە خوشکەکەی خۆی کوشتبوو دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا خوشکەکەی خۆی کوشتبوو، دواتر وتبووی خۆی خۆی کوشتووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، کەسێک کە پێشتر خوشکەکەی خۆی کوشتووە و دواتر لە وتەی خێزانەکەیدا وتوویانە خۆی هەڵداوەتەخوارەوە، ئەمڕۆ دەستگیرکرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، لە 12ی  ئەم مانگەدا لە بوونی تەرمێک ئاگادارکراونەتەوە بەناوی (ک. م. پ) کە لەدایکبووی 1993 بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا خێزانەکەی وتوویانە لە سەربانی مەڵەکەیانەوە خۆی هەڵداوەتەخوارەوە و خۆکوژیبووە، بەهۆی بوونی گومان لە ڕووداوەکە پۆلیس بەردەوامبووە لە لێکۆڵینەوە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە برای ئەو کچە بەناوی (ق. م. پ) کە لەدایکبووی 1994ـە، بە پارچە ئاسنێک لە سەری خوشکەکەی داوە و بەهۆیەوە هەر لە ماڵەوە گیانیلەدەستداوە.

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە دانیناوە بەتاوانەکەیدا بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.

بابەتی پێشتر

لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش بەسەختی برینداربوون

بابەتی دواتر

پەرلەمانی کوردستان خولی پایزەی دەستپێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share