زانایان لە توێژینەوەیەكی نوێدا دەڵێن، ماددەیەكی ناو خواردنەكانی وەك، هەنار و شلیك و گوێز توانای دۆزینەوە و لەناوبردنی خانە لەكاركەوتووەكانی گەڕاندووەتەوە، كە بەرپرسە لە نەخۆشیی زەهایمەر.
بەپێی پێگەی ئەلیكترۆنیی (ساینس ئەلێرت) زانایان ئاشكرایانكردووە كە ماددەی (یۆرۆلیسین ئەی) كە لە هەناردا هەیە، توانا لەناوبردنی (مایتۆكۆندریای لەكاركەوتوو)ی لە مێشكدا هەیە.
مایتۆكۆندریا ئەو پێكهاتە بچوكانەن كە زۆرینەی وزەی كیمیایی پێویست بۆ كارپێكردنی كارلێكە كیمیاییە زیندەگییەكانی ناو خانە بەكاردەخەن.
پێگەكە لە زاری فیلهلم پور، زانای بایۆكیمیا لە زانكۆی كۆپنهاگن رایگەیاند، زۆرینەی ئەو كەسانەی بەدەست نەخۆشیی تێكچوونی دەمارەكانەوە دەناڵێنن گرفتیان لە مایتۆكۆندریا-دا هەیە. ئەمەش واتا مێشك رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە لەناوبردنی مایتۆكۆندریای لەكاركەوتوو. كە كەڵەكە دەبێت و كاریگەری لەسەر ئەركی مێشك دروستدەكات.
توێژەران تاقیكردنەوەیان لەسەر مشك كردووە و دەڵێن، ئەوانەی چارەسەرێكی درێژمەودایان بە بەكارهێنانی (یۆرۆلیسین ئەی) پێدراوە، توانایان لە فێربوون، یادگە و هەستی بۆنكردن باش بووە.
پور وتیشی، ئەگەر بتوانیت هاندەری پرۆسەی مایتۆكۆندریا بیت و، مایتۆكۆندریا لاواز و لەكاركەوتووەكان لاببەیت، هەندێك ئەنجامی زۆر باشت دەستدەكەوێت.
بەپێی پێگەی (ساینس ئەلێرت) ئەم جۆرە توێژینەوانە نابنەهۆی دوورخستنەوەی زەهایمەر، بەڵكو دەبێتەهۆی خاوكردنەوەی زیادبوونی نەخۆشییەكە.