وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، محەمەدی کوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانەکەی بۆ ژاپۆن بەهۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستیی باوکییەوە دواخستووە کە بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا ئەنجامی بدات.
یۆشیماسا هەیاشی، وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعودیە کە بڕیاربوو لە رۆژی دووشەممە ئەنجام بدرێت دواخراوە و کاتێکی دیکە بۆ سەردانەکەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دیاریدەکرێت”.
پێشتر دادگای شاهانەی سعودیە رایگەیاند بوو، ”پشکنینە پزیشکییەکان کە بۆ پاشا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە ئەنجامدراون دەریانخستووە کە تووشی هەوکردنی سییەکانی بووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی، پزیشکەکان بەرنامەیەکی چارەسەرکردنیان بۆ ئامادەکردووە”.
ئامانجی گەشتەکەی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ژاپۆن ئەوە بوو کە ببێتە دەرفەتێک بۆ ریاز و تۆکیۆ بۆ چڕکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بەتایبەت لە بواری وزەدا.