کۆنگرێس تاوتوێی بڕیاری کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکات

ژمارەیەک لە یاسادانەرانی کۆنگرێس کە 33 ئەندامی کۆمارییەکان بوون، ڕۆژی پێنجشەممە لێکۆڵینەوەیان لە بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی سزا لەسەر هەندێک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی بەرنامەی موشەکییەکانی ئێران دەستپێکرد.

کۆمارییەکان گومانیان وایە ئەو بڕیارەی ئیدارەی جۆ بایدن بەشێکە لەو کۆمەڵە سازشەی دەیکات بۆ هێنانی ئێران بۆ ناو دانوستانەکانی ڤیەننا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە.

دانوستانەکانی ڤیەننا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەستاون و دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسیش مەرجی بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستانەکان هەڵگرتنی سەرجەم سزا سەپێنراوەکانی سەر وڵاتەکەیەتی لەلایەن ئەمریکاوە.

هەفتەی ڕابردووش ڕۆبەرت مالی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا ئامادەیە “سەرجەم ئەو سزایانەی سەر ئێران هەڵبگرێت کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەپاندوویەتی”.

لە 8ی ئەم مانگەشدا وەزارەتی گەنجینەی ئێران سزاکانی سەر کۆمەڵەی “ماموت”ی پیشەسازی و سەرجەم لایەنەکانی پەیوەست بەو کۆمەڵەیەی هەڵگرت.

لە نامەکەی ئەو کۆمەڵە یاسادانەرەی کۆمارییەکاندا کە ڕۆژنامەی Washington Free Beacon بڵاویکردووەتەوە، “ئێمە پەیوەستدەبین بە لێکۆڵینەوە لە سەرجەم بڕیارەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی”.

“هەروەها لێکۆڵینەوە دەکەین لە پابەندبوونی ئەو لایەنانەی سزایان لەسەر هەڵگیراوە بۆ نەگەڕانەوەیان بۆ مامەڵەکانی پێشوویان، بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی دواتری ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرنامەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران”.

بابەتی پێشتر

فڕۆکەخانەی هەولێر لەبارەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکیان ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

دۆنگ تاو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share