ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان دانانی باجی 50% بوو لەسەر هاوردەکردنی هێلکە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا چەند بڕیارێک بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی نیشتیمانی و رەخساندنی هەلی کار دەرچوون کەم بەم جۆرەن:
یەکەم: دانانی باجی 50% لەسەر بەرهەمی هێلکەی هاوردەکراو، جگە لەو باجی 20%ی لەسەر لە پێشتردا بوونی هەبوو لەسەر بەرهەمەکە.
دووەم: پابەندکردنی بەرهەمهێنەران بە بەکارهێنانی لەیبڵی ستاندارد بۆ بەرهەمەکەیان، ناوی بەرهەم، بەرواری بەرهەمهێنان و بەرواری بەسەرچوون لەسەر پاکەتەکەی دەرەوە.
سێیەم: پابەندکردنی بەرهەمهێنەرانی هێلکە بە دانانی بەرواری بەرهەمهێنان و لەیبڵی بەرهەم لەسەر هەر هێلکەیەک، لە ماوەی زۆرترین ماوەی (3 مانگ) لە بەرواری دەرچوونی ئەم بڕیارەوە.
چوارەم: رێگریکردن لە گواستنەوەی هەر هێلکەیەک مەرجەکانی خاڵی دووەمی تێدا نەبێت کە لە سەرەوە هاتووە.
پێنجەم: راسپاردنی وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و ئەنجومەنی کێبڕکێ و کۆمەڵەی عێراقی بۆ بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەشێوەیەکی بەردەوام.
شەشەم: ئەم بڕیارە لە 2ی ئایاری 2024ەوە جێبەجێ دەکرێت.