ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕوانەکراو لە ئامادەباشیدان و مەترسییەکانی لافاو لە شارەکە کەمکراونەتەوە.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی ئیداری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە رەوشی کەشوهەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو رێژە بارانبارینەى کە چاوەڕوان دەکرێت لەچەند رۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیارێک کە دەرکران بەم جۆرە:
یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکى عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەڕۆ و ئاودێرى، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەى رێرەوەکانى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).
سێیەم/ سەرۆکایەتیى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتىی گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو.
چوارەم/ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى پاراستنی رێگاوبانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر رێگا گشتیی و سەرکییەکانى دەرەوەى شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە رێگای سەرەکییەکان.
پێنجەم/ (ئاسايش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەر رووداوێک و دروستبوونى هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکى نەخوازراو.
حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتییەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەى رێرەوى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورسى کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانى سنوورەکانیان بەرپرسیارن.
هەشتەم/ داواى لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی رێکار و رێنماییەکانبن، لەحاڵەتى باران بارینى زۆر نزیکى رووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرزدەبێتەوە.
نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت.