ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 33 ساڵەی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان هۆنراوەیەکی بە ناوی خەونی سەوزەڵانی بڵاوکردەوە.
لە بارەی بڵاوکردەوە ئەو هۆنراوەیە ستران عەبدوڵا دەڵێت، “خەون لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا مافێکی رەوایە و لە نووسراوەی شۆڕشگێریدا ویست و ئەرکێکی پێویستە و لە ئەدەبیاتی یەکێتیشدا پێشبینی راست و بانگەوازێکی روون و رەوانە”.
دەقی هۆنراوەکە:
خەو نایەژم، خەونم دیووە
ئەمجارەشیان
لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی شارەوە
دەقی تازەی (دەمی راپەرین)
ئاوازێکە، لاپەڕەی کۆنی دڕیووە.
رانیەکەی عەلی نەبی و سمایل وەرتی
دەروازەی نەعرەتی پێشووی
بە مێژووی شانازی دێرین، سپاردووە
بۆ حوزەیرانی وا بەرێوە
سروودی جۆشی نووسیووە
کێوەڕەش خۆی مایسترۆیە و
مەیلی سەوزیش،
وەک مەلی خەیاڵی رەوام،
بۆ ئاسمانی نوێبوونەوە،
بەرز فڕیووە.
دەروازەی رابوونی ئەمرۆش
هەر ئێرەیە و
پێنجی ئازار: مانگی شەشە و
رۆژی دەکەی،
دەنگدانەکەی،
سندوقەکانی تەنیووە.
زایەڵەی دەنگی (ئێزگەکە)
لەگوێم بۆتە رەمزی نۆتە و
زەماوەندی نوێباوی شار،
کەوتۆتەوە: جریووە، جریووە.
خەو زڕ نیم و خەونم دیووە:
زاری شیرینی بە تامە
قسەی رانیە یەک قسەیە و
رای دوو نییە.
رازی روونە،
وا لە لامە
کلیل و کۆدی راپەڕین
هەر هی یەکێتییەکەی مامە.
خەونم دیووە،
ئەلحەقی دونیا گۆڕاوە
کچان و کوڕی بیست و یەک،
پێگەیوون، تێگەیشتوون
دڵیان خورپە و ترپەی زاوە،
شار گەورە بووە و
دەروازەشی فراوانتر دەبێ،
بەڵام دەرگای هەر یەک دیووە.
بەهاری دیموکراسیشی
چوون کامڵە و رووی لە دڵە،
ئەوسەری کەلەکەی دیووە،
متمانەی پێمان پتەوە و
هەر رەنگی سەوزی پۆشیووە