دوو زیندانی لە چاكسازیی گەورانی هەولێر هەوڵی خۆكوشتنیان داوە

زیندانییانی چاكسازیی گەورانی هەولێر مانیان گرتووە و داوا دەكەن ئازاد بكرێن، پەرلەمانتارێكیش ئاشكرایكردەكات، دووان لە مانگرتووەكان هەوڵی خۆكوشتنیان داوە و باس لە خراپی ڕەوشی تەندروستیی چەند زیندانیكراوێكیش دەكات.

شاندێكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 7ی كانونی یەكەم، سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێری كرد و لە ڕەوشی زیندانییەكانی كۆڵییەوە، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤی پەرلەمان دەڵێت، ڕەوشی چاكسازییەكان لە هەرێم باش نییە، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە زیندانییانی هەولێر مانیان گرتووە.

“تەندروستیی بەشێك بە زیندانیكراوەكان خراپە”

بەدریە ئیسماعیل، بریاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “مانگرتن لە چاكسازیی گەورانی هەولێر جارێكی دیكە دەستی پێكردووەتەوە و دوو زیندانیش لەنێو مانگرتووەكاندا هەوڵی خۆكوشتنیان داوە، یەكێكیان ڕۆنی قرچاوی بە دەموچاوی خۆیدا كردووە و یەكێكی دیكەشیان خۆی بەر چەقۆ داوە”.

بڕیاردەری لیژنەكە ئەوشی خستەڕوو، “ئەو كەیسە تایبەتانەی ئەمڕۆ ئیشمان لەسەر كردوون ئەوەیە، كەسێكی زیندانی كراو لەماوەی 20 خولەكدا كە قسەمان لەگەڵی كردووە پێنج بۆ شەش جار ئۆكسجینی بەكارهێناوە و سێ جار دەرمانی خواردووە، تەنگەنەفەسی هەیە و باری تەندروستی زۆر خراپە، بە عارەبانەوە هاتوچۆی پێدەكەن و بووەتە بار بەسەر چاكسازییەكە و زیندانییەكانیشەوە”.

بەدریە ئیسماعیل ئەوەشی لەبارەی كەیسە تایبەتەكانی نێو چاكسازییەكەی هەولێر ئاشكراكرد، “چاومان بە زیندانییەكی دیكە كەوت، شێرپەنجەی گەدەی هەیە و بارودۆخی ئەوەندە خراپ بوو قسەی بۆ نەدەكرا، كەسێكی دیكەش بە هەمان شێوە تەندروستیی خراپە و داوای كردووە گەر ئازاد ناكرێت با وەزارەتی تەندروستی ڕەزامەند بێت و نەشتەرگەری بۆ بكات”.

“داوا دەكەن ئازاد بكرێن”

سەبارەت بە هۆكاری مانگرتنی ئەو زیندانییانەی چاكسازیی گەورانی هەولێر، بریاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكرد، “هەندێك لەو كەیسانە هەن ماوەی 16 ساڵیان تێپەڕاندووە و بەپێی یاسای ‘افراج شرطی’ ئازادكردن بە مەرج، دەبێت ئازاد بكرێن، مانگرتنەكەیان ئەوەیە داوای ئازادبوون دەكەن چونكە 16 ساڵیان تەواو كردووە و بەپێی ئەو یاسایە دەیانەوێت ئازاد بكرین”.

“بەپێی هەمان یاسا كە سزادراون، ئازادكرد دەیانگرێتەوە گەر 16 ساڵ زیندانی بكرێن، بەڵام لە ساڵی 2018ەوە بە بڕیارێك ئەو یاسایە ڕاگیراوە، لەكاتێكدا ئێمە زانیارییمان هەیە كە لە دوای ئەو بڕیارەشەوە خەڵكێك هەن بەو یاسایە ئازاد كراون”، وەك بەدریە ئیسماعیل وتی.

لەبارەی هەوڵەكانی لیژنەكەیانەوە، باسیلەوەشكرد، “داواكارییەكانی زیندانییەكانمان وەرگرتووە و دەیكەین بە ڕاپۆرتێك و لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەكەینەوە، میكانیزمیشمان بۆ دیاریكردووە”.

ڕەوشی تەندروستیی ئەو دوو كەسەی هەوڵی خۆكوشتنیان داوە

ئەو پەرلەمانتارە وتی، “یەكێك لەو كەسانە كە ڕۆنە قرچاوەكەی بە سەروچاوی خۆیدا كردووە، هەموو سەروچاوی سوتاوە، ئەوی دیكەشیان چەقۆی لە گەدەی خۆی داوە و 12 تەقەڵی پێوەیە، بەڵام ئێستا تەندروستییان جێگیرە”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “ئەو هۆڵانەی دروستكراون بۆ چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان پڕ كراون لە زیندانی، هەر هۆڵێك 35 كەسی تێكراوە، لە كاتێكدا دەبێت تەنها نۆ كەسی تێدا بێت، ئێمە بە گشتی تێبینیمان لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ هەیە لە چاكسازییەكان پەیوەندییمان بە لایەتی پەیوەندیدارەوە كردووە و هەوڵ دەدەین بۆ بەداواچوون و چارەسەر كردنی ئەو پرسە و زیندوكردنەوەی ئەو یاسایە كە داوای ئازاد كردنیان دەكات”.

بەگوێرەی هەواڵێكی سایتی پەرلەمانی كوردستان، لە سەردانی ئەمڕۆی لیژنەكە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر، موقه‌ده‌می مافپەروەر عه‌دنان محه‌مه‌د خۆشناو، بەڕێوبەری چاکسازییەكە باسی لە کێشە و گرفتەکانیان کردووە و ڕایگه‌یاندووە، “‌کێشەی سەرەکیمان نه‌بوونی شوێن و قەرەباڵغیی ناو چاکسازییەکەیە”، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پێشنیازێک خرایە بەردەستی شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بەمەبەستی به‌دواداچوون و چارەسەرکردنیان.

بابەتی پێشتر

هۆشداریی پێشوەختە دەدرێت.. دۆلاری ئەمریكی زەرەرمەندی گەورەی 2021 دەبێت

بابەتی دواتر

دوو بڕیار لە سەردەمێکى تاریک و ترسناکدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

باوكێك كوڕەكەی خۆی كوشت

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باوكێك كوڕەكەی خۆی كوشت و بەپێی زانیارییەكان ڕووداوەكە پەیوەندی بە كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە هەبووە. پەیامنێری…
Total
0
Share