باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و پێی راگەیاند، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت لە نزیکترین کات و دەرفەتدا سەردانی عێراق بکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە لایەنەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پەرەپێدانیان و بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات باسکراوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسا بە نایاب ناوبردووە و ئاماژەی بە کۆمەڵێک گرێبەستی ئابوری گرنگ لە بواری نەوت و بەرگریدا کردووە، کە بناغەیەکی گرنگن بۆ هەنگاونان بەرەو رێگەی هاوکاری دوولایەنە.
محەمەد شیاع سودانی هەڵوێستی عێراقی لەسەر بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق دووپاتکردەوە و خواستی عێراقی بۆ هەنگاونان بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی روونکردەوە.