قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، “نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەمریکا رۆڵی بەهێزی لە رزگارکردنی عێراقدا هەبوو”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، رایگەیاند، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا لە چەندین رووەوە گرنگە، لەسەردەمی پێش رزگارکردنی عێراق توانیمان بەشێک بین لە گۆڕانکارییەکان و ئەقڵیەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەرێم بگۆڕین.
وتیشی، لەسەردەمی رزگارکردنی عێراقیشدا نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا رۆڵی بەهێزی هەبوو، ئێستاش کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم بەهێزە و پەیوەندی باشیان لەگەڵ لایەنەکاندا هەیە.
ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمدا بوو.