گۆڕان دووەم كۆنفرانسی نیشتمانی ئەنجامدەدات

بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دووەم كۆنفرانسی نیشتمانی لە سلێمانی ئەنجامبدات.

ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی بڕیار و راسپاردەی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 6ی ئەم مانگە، بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە (20 و 21ی كانونی دووەم) گرێدەدات.

كۆنفرانسەكە لەژێر دروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان) بڕیارە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە ئەركەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی دیاریكراوە و بریتییە لە، (دانانی بەرنامەی سیاسی، پێداچوونەوە بە دەستووری ناوخۆیی گۆڕان، گۆڕینی دروشمی بزوتنەوەكە، پەسەندكردن و دەستكاری پلاتفۆرمەكانی هەڵبژاردن، هەڵسەنگاندنی ئەدائی نوێنەران لە دەزگا هەڵبژێردراوەكان و هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتمانی).

لە كۆنفرانسەكەدا بەپێی پەیڕەو هیچ هەڵبژاردنێك بۆ نوێكردنەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتیی بزوتنەوەكە ئەنجامنادرێت و نوێكردنەوەی ئەو ئۆرگانە باڵایانەی بزوتنەوەكە لە پرۆسەیەكی دیكە جیا لە كۆنفرانس دەبێت.

بابەتی پێشتر

خوێندن لەسەر کتێبەکان باشترە یاخود لەسەر شاشە ئەلکترۆنییەکان؟

بابەتی دواتر

بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین خرایە بواری جێبەجێكردنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share