پاسەوانە ئیكوادۆرییەكان لە دەست بەندكراوان رزگاركران

سەرجەم ئەو پاسەوان و كارمەندانە رزگاركران كە لەلایەن بەندكراوانەوە لە حەوت بەندینخانەی ئیكوادۆر دەستبەسەركرابوون.

بەندكراوان لە دووشەممەی رابردووەوە 158 پاسەوان و 20 كارمەندی كارگێڕییان بەبارمتەگرتبوو، لە چوارچێوەی ئەو كارە توندوتیژییانەی وڵاتەكەی گرتبووەوە كە دەكەوێت ئەمریكای باشوورەوە.

دانیال نۆبوا، سەرۆكی ئیكوادۆر دەستخۆشی لە پۆلیس و هێزە چەكدارەكان كرد بەهۆی سەركەوتنیان لە ئازادكردنی پاسەوان و كارمەندان.

لای خۆیەوە ئاژانسی نیشتمانیی بەندیخانەكان بڵاویكردەوە، لێكۆڵینەوە دەكرێت بۆ دیاریكردنی بەرپرسانی بەبارمتەگرتنەكە. لەكاتێكدا بەهۆی توندوتیژییەكانەوە لانیكەم پاسەوانێك كوژرا و ژمارەیەكی دیكە برینداربوون.

لە بەندینخانەی ماچالا-ش پێكدادانی چەكداری لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و بەندكراواندا روویدا، دوای ئەوەی سوپا و پۆلیس هەڵمەتێكیان لەناو بەندینخانەكان لە شەش شاری وڵاتەكەدا ئەنجامدا، وەك ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە.

لە یەكشەممەی رابردووەوە ئیكوادۆر بە قەیرانێكی ئەمنیی بێپێشینەدا تێدەپەڕێت پاش هەڵاتنی ئەدۆلفۆ ماسیاس-ی سەرگروپی چۆنیرۆس لە بەندینخانەی گوایاكیل كە لەژێر پاسەوانی و چاودێرییەكی تونددایە.

هەڵاتنەكەی بووە هۆی سەرهەڵدانی یاخیبوون و دەستبەسەركردنی پاسەوانان وەك بارمتە لە بەندینخانە جیاجیاكانی وڵاتەكەدا، سەرەڕای هێرشكردنەسەر پۆلیس و سووتاندنی ئۆتۆمبێل.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی دەستیپێکردەوە

بابەتی دواتر

لە مانگی رەمەزاندا 11 ماددەی خۆراکی دابەشدەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بیلاڕوسیا كۆچبەران ڤاكسیندەكات

حكومەتی بیلاڕوسیا بڕیاری دا ئەو كۆچبەرانەی لە خاكی وڵاتەكەیدان لەدژی كۆرۆنا ڤاكسینبكات و پەرلەمانتارێكی ئەو وڵاتە دەڵێت، “چەندین…
Total
0
Share