سەرۆكایەتیی ڕوسیا: لەگەڵ ئەمریكا لەسەر دوو ئاراستەی جیاوازین و دۆخەكە ‏مەترسیدارە

سەرۆكایەتیی ڕوسیا لێدوانی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە لەبارەی هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا و ‏داگیركردنی و تەنانەت دیاریكردنی كات بۆ ئەو هەنگاوە، بەڵام وتەبێژی كریملن ‏نایشارێتەوە بارودۆخی سنووری نێوان هەردوو وڵاتەكە “ئێجگار مەترسیدارە و ‏هەڕەشەمان لێدەكات”.‏

دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا، باسی گفتوگۆكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ‏ئەوروپا و ئەمریكا كرد و ڕایگەیاند، “هەندێك لێكتێگەیشتن لە پەیوەندییەكانی ڕوسیا ‏لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆدا هاتووەتەئاراوە، بەڵام سەرباری ئەوە هەردوولا بە دوو ئاراستەی ‏جیاواز لە یەكتر كاردەكەن و ئەوەش باشنییە، بەڕاستی مایەی دڵەڕاوكێیە”.‏

ئەو گفتوگۆیانەی بیسكۆڤ لەبارەیانەوە دوا، كۆبوونەوەكانی هەفتەی ڕابردووی نێوان ‏ڕوسیا و ئەمریكان، كە شاندی هەردوو وڵات لە جنێڤی سویسرا كۆبوونەوە، تاوتوێی ‏پێشنیازەكانی ڕوسیایان كرد كە داوای گەرەنتی لە خۆرئاوا كردبوو لەبارەی ‏بڵاوكردنەوەی هێز لە سنووری ئۆكرانیا. دواتر ئەنجومەنی ناتۆ – ڕوسیا بۆ هەمان ‏مەبەست لە برۆكسل كۆبوونەوە.‏

دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵی “سی ئێن ‏ئێن”ی ئەمریكیدا كردووە، نیگەرانیی وڵاتەكەی لە گرژییەكانی سەر سنووری وڵاتەكەی ‏و ئۆكرانیا نیشاندا و وتی، “گرژییەكان لەڕادەبەدەرن، بۆیە ڕوسیا مكووڕە لەسەر ‏وەرگرتنی وەڵامێكی ڕاستەوخۆ لە ئەمریكا لەبارەی پێشنیازە ئەمنییەكانییەوە”.‏

بیسكۆڤ دەڵێت، “مۆسكۆ وەڵامێكی زۆر دیاریكراوی بۆ پێشنیازە زۆر دیاریكراوەكانی ‏دەوێت، بارودۆخەكە ئێجگار مەترسیدارە و هەڕەشە لە كیشوەرەكەمان دەكات”.‏

ماوەیەكە ڕوسیا داوا لە ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا دەكات، گەرەنتی پێبدەن بەوەی ‏بڵاوكردنەوەی هێزی ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، هەڕەشە نییە بۆسەر ڕوسیا و ئەو ‏هێزانە زیاتر بەرەو سنووری ڕوسیا ناكشێن، لە بەرامبەردا خۆرئاوا داوا لە ڕوسیا دەكات ‏هێزی زیاتر ڕەوانەی سنووری ئۆكرانیا نەكات و جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ‏هەڵنەگیرسێنێت، هەردوولا یەكتر بە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە و پەلكێشكردنی ناوچەكە بەرەو ‏مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ تۆمەتباردەكەن، هەردوولاش داوای هێوركردنەوە دەكەن.‏

دوێنێ ئەمریكا بانگەشەی ئەوەی كرد كە بەمنزیكانە ڕوسیا ئۆكرانیا داگیردەكات و ‏هەڕەشەی لێكرد بەوەی گەر ئەو كارە بكات بە سەختی ئازاری دەدات. جین ساكی، ‏وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، “نیگەرانین لەوەی حكومەتی ڕوسیا ئامادەكاری بۆ ‏داگیركردنی ئۆكرانیا دەكات”.‏

هەمان ڕۆژ، ڤیكتۆریا نلالاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی 18 ‏سیناریۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕوسیا ئامادەكردووە ئەگەر ئەو وڵاتە ئۆكرانیا داگیربكات ‏و وتی، “ئێمە و هاوپەیمانان ئامادەین بەشێوەیەكی خێرا ئازارێكی سەختی ڕوسیا بدەین ‏ئەگەر هەر هەنگاوێكی دوژمنكارانە بنێت”.‏

لە بەرامبەردا ڕوسیا ئەوە ڕەتدەكاتەوە و پڕوپاگەندە ناویدەبات و دەڵێت، هەواڵی ‏درۆیینەن.‏

وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا لەو بارەیەوە وتی، ئەمریكا هیچ بەڵگەیەكی لەبارەی ئەو ‏بانگەشەیەی نەخستەڕوو كە دەڵێت ڕوسیا پلان بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا دادەڕێژێت، “ئێمە ‏چاوەڕوانی بەڵگەین”.‏

بیسكۆڤ ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە جیهانێكدا دەژین تژییە لە تۆمەتی درۆ و هەواڵی ساختە، تا ‏ئەمریكا ئەو قسانەی نەسەلمێنێت، ئێمە بە هەواڵی درۆیینەی دەزانین”.‏

بابەتی پێشتر

شارەزایانی ژینگە: لەناوچوونی سامانی ماسی بەردەوام دەبێت بەهۆی بەردەوامی هۆکارەکانیەوە

بابەتی دواتر

تونێلێكی هەولێر درزی تێكەوتووە و ئەگەری داڕمانی لەسەرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share