لە یادی قاسم سلێمانیدا ئەمڕۆ لە بەغداد خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکرێت

خۆپیشاندانەکان لە عێراق و بەغداد بەتایبەتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران و لایەنگرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە شەوی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە ئەمڕۆش بەبۆنەی ساڵیادی کوژرانی سلێمانییەوە خۆپیشندانی بەرفراوان لە بەغداد بەڕێوەبچێت.

بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وێنەی بەشێک لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوویان بڵاوکردووەتەوە و کە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بەڕێوەچووە.

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت کە لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا لە کاتی چوونیان بۆ فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی لە بەرەبەیانی 3ی کانونی دووەمی 2020 کوژران.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بەو بۆنەیەوە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە مەیدانی تەحریری بەغداد بەڕێوەبچێت.

وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ڕایگەیاند، هەموو ڕێکارەکان دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ.

خالید مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتی، “پێشبینی دەکەین خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر گەورە بێت بۆیە پێویستمان بەبڵاوکردنەوەی هێزێکی ئەمنی زۆر هەیە بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانی دەرچوون و هاتنە ژوورەوەی خەڵک.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی بەغداد ڕایگەیاندووە، 10 ڕێگای سەرەکی بەغدادیان داخستووە لە ناوچەی کەرخ و ڕەسافە و ئەو ڕێگایانە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بە بەربەستی کۆنکرێتی داخراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئەمریکا دەکرد لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانیدا و ئەگەری هەیە گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانیش لە عێراق ئەمڕۆ دەستببەن بۆ هێرش کردنە سەر نوێنەرایەتیی و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

هەروەها ئەمریکا و بەتایبەت دۆناڵد ترەمپیش هۆشداریی توندیان داوەتە ئێران لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر نوێنەرایەتی و دیپلۆمات و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

 

بابەتی پێشتر

ئەمریكا: فڕۆكەیەك بەسەر خانویەكدا كەوتە خوارەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی جیهانی: ئاماژەی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا لەمساڵدا هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share