لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە رۆڵ و پێگەی مەسیحییەکان بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەسحییەکان کرد کە تێیدا هاتووە، جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) لە خوشک و برا مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای دڵخۆشی و جەژنێکی پڕ لە کامەرانییان بۆ دەخوازم.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هیوادارم ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتەکەمان و ئەو مێژووە درەوشاوەیەی هەرێمی کوردستان خاوەنێتی لە تەبایی و پێکەوەژیاندا، هەموومان پێکەوە گەشاوەتری بکەین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە رۆڵ و پێگەی مەسیحی و هەموو پێکهاتە رەسەنەکانیتر بەرز دەنرخێنێت و کار بۆ قووڵکردنەوەی خۆشەویستی و یەکترقبووڵکردن دەکات.
هاوکات ئاشکراشیکردووە، تەنیا بە هەماهەنگی و پێکەوەیی سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکەین و هەنگاو بەرەو داهاتوویەک دەنێین کە هەمووان خەونی پێوەدەبینن.