بەیانیی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستیپێكرد و تا كاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
كاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە دەستیپێكرد، لەم هەڵبژاردنەدا كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و ئاوارەبووان مافی دەنگدان و بەشداریكردنیان هەیە.
پرۆسەكە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە لە كەركوك، دیالە، موسڵ و پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
لە شارەكانی هەرێمی كوردستان-یش ناوەندی دەنگدان تایبەت بە ئاوارەبووانی ئەو پارێزگایانە كراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 دەنگدەری تایبەت و 48 هەزار و 260 راگوێزراو بەشداری دەکەن.
رۆژی دووشەممە 18ی کانونی یەکەمی 2023 لە کاتژمێر 7:00ی بەیانیەوە دەنگدانی گشتی لە 15 پارێزگا دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەری گشتی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا هەیە، هەروەها نزیکەی هەشت هەزار ناوەند و 39 هەزار وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدەران ئامادەکراون.