سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، لێپێچینەوە لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێویستە، چونکە دەسەڵاتەکەی بەخراپی لەناو حکومەتدا بەکارهێناوە و کۆشکی سپی رێگری دەکات لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، رەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرسی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە رێکارەکانی لێپێچینەوە لە بایدن بخەنە دەنگدانی گشتییەوە.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرێک لە لیژنەکانی دادوەری بۆ گەڕان بەدوای بەڵگەی هەڵەکردن لەنێو ئەندامانی بنەماڵەی بایدن بەردەوام کار دەکەن، بەڵام کۆشکی سپی رێگری لێدەکات و هەزاران بەڵگە دەشارێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەی چاودێری و لێپرسینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات، چونکە لە مامەڵە بازرگانییەکانی کەسوکارەکەیدا تێوەگلاوە بەوەی کە گوایە پێگەی خۆی لە حکومەتدا خراپ بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە سەرانسەری جیهاندا قازانج بکات.
بەپێی زانیاریی میدیاکان، جەیمس کۆمەر، ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی چاودێری، بانگهێشتنامەیەکی بۆ هانتەر بایدنی کوڕی سەرۆک دەرکردووە.