ماكرۆن بە پوتین دەڵێت درۆزن
“لە ئۆكرانیا خراپتر بەڕێوەیە و ڕوسیا باجەكەی دەدات”

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا بە ناوبراوی وتووە: “تۆ درۆ لەگەڵ خۆتدا دەكەیت، لە ئۆكرانیا خراپتر بەڕێوەیە و و ڕوسیا باجەكەی بە قورسی دەدات”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، ڕاوێژكاری ماكرۆن ناوەڕۆكی قسەكانیان ئاشكرادەكات.

بەپێی وتەی ڕاوێژكارەكەی، ماكرۆن بە پوتینی وتووە، “هەڵەیەكی گەورەت كرد بە هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا، تۆ درۆ لەگەڵ خوودی خۆتدا دەكەیت و ئەم شەڕە زۆر بە قورسی لەسەر وڵاتەكەت دەكەوێت، ئەنجامەكەشی گۆشەگیركردنی ڕوسیا و لاوازكردنێتی بۆ ماوەیەكی درێژ لەژێر فشاری سزاكاندا”.

سەرۆكی فەرەنسا جەختیكردووەتەوە كە لە ئۆكرانیا خراپتر بەڕێوەیە و پوتین خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت بەوەی كە دەیەوێت حكومەتێكی تایبەت بە خۆی لە ئۆكرانیا پێكبهێنێت.

كاربەدەستەكەی فەرەنسا لەبارەی وتەكانی پوتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئاشكرایكردووە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا بە ماكرۆنی وتووە، مكوڕە لەسەر داماڵینی چەك لە ئۆكرانیا بە ڕێگەی دیپلۆماسی یان سەربازی بێت.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە لەسەر پێشنیازی پوتین بووە و ماوەی یەك كاتژمێر و نیوی خایاندووە، پوتین ئاشكرایكردووە كە ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای ڕوسیا لە ئۆكرانیا بەپێی ئەو پلانەی دایانڕشتووە پەرەدەستێنێت و دۆخەكە خراپتردەبێت ئەگەر ئۆكرانییەكان بە مەرجەكانی ڕوسیا قایلنەبن.

پوتین بە ماكرۆنی وتووە، “ئەگەر ئۆكرانیا بەشێوەیەكی دیپلۆماسییانە بە مەرجەكانی ڕوسیا قایلنەبێت، ئەوا بە ڕێگای سەربازی دەیانسەپێنێت بەسەریدا”.

مەرجەكانی ڕوسیا بۆ ئۆكرانیا بریتین لە وازهێنانی ئەو وڵاتە لە هەوڵەكانی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ، وازهێنان لە هەوڵی بوون بە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا، دەستبەرداربوونی لە چەك و داننان بە هەردوو ناوچەی دۆنیتسك و لۆهانسك وەك دوو كۆماری سەربەخۆ.

بابەتی پێشتر

ڕاوێژكاری كازمی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كورتهێنان چارەسەردەكات

بابەتی دواتر

توركیا.. هەڵاوسان زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 55%

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share