سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رایدەگەیەنێت، كۆنگرە بۆ ئەوەیە بەردەوام بەرەو نوێبوونەوە بچین و پیاداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆماندا بكەین.
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رایگەیاند، كۆنگرە بۆ ئەوەیە حزبەكەمان بەردەوام زیندوو بهێڵینەوە، بەردەوام بەرەو نوێبوونەوە بچین و پیاداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆماندا بكەین تاكو باشتر خزمەتی خەڵك بكەین.
سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی گەنج لە كۆنگرەدا قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، “وەك كاك بافڵ ئاماژەی پێدا كە گەورەترین سەرمایەی هەرێمی كوردستان گەنجەكەیەتی، بۆیە ئێمە ئێستا دەبێت ئالیەتێك بدۆزینەوە، تاكو ئەو گەنجانەی پێدەگەن و ویستی كاری حزبییان هەیە، شان بەشانی تێكۆشەران بتوانین چەپكە گوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلال دروست بكەینەوە”.
دووپاتیشیكردەوە، نە تەنها بە گەنج هەموو كێشەكانی كوردستان چارەسەر دەكرێت، نە تەنها بە تێكۆشەران، بەڵكو دەست لەناو دەست پێویستە تێكەڵاوییەك دروستبكرێت لەنێوان گەنج، خاوەن ئەزموون و تێكۆشەران.
دەربارەی پەیامیشی بۆ كەركوك و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال وتی، “ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی چارەنووسازە بۆ كەركوك، بۆ كوردستان، بۆ یەكێتی، بۆیە هەمووان كۆببنەوە لە چواردەوری لیستی یەكێتی بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بێنین لەو هەڵبژاردنە و هێزی راستەقینەی یەكێتی بسەلمێنین”.