توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایدەكات پیسبوونی هەوا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت زۆر زیاتر لە زیادەڕەویی لە خواردنەوەی كحول.
ژیان لە شارەكاندا چەندین تایبەتمەندی و ئاسانكاری تیایە وەك بەردەستبوونی خزمەتگوزاریی باشتر، هەلی كاری زۆرتر بەراورد بە گوند و ناوچەكانی دەوروبەر، بەڵام لە دوورمەودادا لێكەوتەی ناتەندروستی هەیە، لە نمونەی لایەنە نەرێنییەكانیشی قەرەباڵغی و پیسبوونی هەوایە.
پیسبوونی هەوا لە ئاكامی سووتانی وزەی بەردین، چالاكییە پیشەسازییەكان، كاركردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی وزە، كارگە و پاڵاوگەكان دروستدەبێت. هەروەك ئۆتۆمبێلەكان بەتایبەت ئەوانەی بە سووتەمەنی كاردەكەن سەرچاوەن بۆ پیسبوونی ئاووهەوا.
راپۆرتێكی ساڵانە لەژێر ناونیشانی “پێوەرەكانی كوالێتیی هەوا” ئاشكرایدەكات، كە خراپی جۆری هەوا تەمەن كورتدەكات.
روونیشیدەكاتەوە، ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراوی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان بە بڕی 2.3 ساڵ درێژدەبێت ئەگەر پێوەر و رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە پاكڕاگرتنی ئاووهەوا پەیڕەو بكرێت، وەك ئەوەی سایتی Vitalی تەندروستیی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە وڵاتانی، هیندستان، پاكستان، بەنگلادش، چین، نەیجیریا و ئیندۆنسیا بەدەست خراپبوونی كوالێتیی هەواوە دەناڵێنن.
ئاستیی كوالێتیی هەوا لەو وڵاتانەدا چەندین هێندە كەمترە لەو ئاستەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دایناوە، ئەمەش دەبێتەهۆی كورتبوونەوەی تەمەنی مرۆڤ لەوێ بە شەش ساڵ.
دووپاتیشیدەكاتەوە، مەترسیی پیسبوونی هەوا سێ هێندەی زیادەڕەوی لە خواردنەوەی كحول مەترسیدارترە.