حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای ستراتیژی ڕووكردنە وزەی خاوێن و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گرنگەكان بۆ هاوڵاتییان توانراوە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەندرێتە 3 هەزار و 500 مێگاوات و چەندین وێستگە بە سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن دابمەزرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە وزەی خاوێن بە رێژەی 10 % – 15% زیادیكردووە و یەك ملیۆن و 850 هەزار هاوبەشی كارەباش لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا هەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێشتر هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم پشتی بە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە وێستگە كارۆئاوییەكانی دوكان و دەربەندیخان دەبەست دواتر سیستمیان لە سووتەمەنیی شلەوە گۆڕدرا بۆ غازی شل، هەروەها سوود لە وزەی خۆر و وێستگەی هەڵمی وەربگرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە رێگەی هێنانی سیستمێكی زیرەك بۆ دابەشكردنی كارەبا، پڕۆژەی نیشتمانیی ڕێكخستنەوەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێكراوە و توانراوە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا سیستمەكە بخرێتەگەڕ كە لەو ڕێگەیەوە رێگری لە هەموو جۆرە پێشێلكاری و بەهەدەردانێكی تەزووی كارەبا كراوە.