بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، درەنگانی شەوی رابردوو تەقە لە هاوڵاتییەك كرا و بە سێ گوللە بە سەختی برینداركرا، دوای رووداوەكەش تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەركردووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، كاتژمێر 12:30ی خولەكی شەوی رابردوو لە ناحیەی سەنگەسەر سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ) تەقە لە هاوڵاتیەك كراوە كە لەدایكبووی ساڵی 1995، لە ڕەگەزی نێر، دانیشتووی ڕانیە كراو بە سەختی بریندار بووە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و پشكنینی پزیشكی دەركەوت شوێنەواری سێ گوللە بە چەكی جۆری دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەیە، دوای رووداوەكەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەركردووە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئاگاداركردنەوەیان دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی سەنگەسەر گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە و دوای كۆنتڕۆڵكردنی ڕێوشوێنی یاسایی گیرایەبەر، بەهۆی سەختی برینەكەشیەوە بریندارەكە بەڕێكرا بۆ سلێمانی و لە ئێستادا تۆمەتبارەكە راگیراوە و هۆكاری ڕوداوەكەش نادیارە.