بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا دۆخی گشتیی وڵات و بەردەوامیی گفتوگۆكان بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و تێپەڕاندنی بەربەستەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و ناردنی شایستەداراییەكانی هەرێم كرد و رایگەیاند، “هەوڵەكانی یەكێتی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەردە لە وادەی خۆیدا، دەشمانەوێت هەڵبژاردن هۆكارێك بێت بۆ نزیكبوونەوە و گەشەپێدانی دیموكراسی نەوەك ترازان”.
وتیشی، “نابێت خەڵكەكەمان بكرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و دەبێت دەستوور بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان بێت و هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوامدەبێت تاوەكو چارەسەرێكی یەكجارەكی و ئەرێنی دەدۆزینەوە و چیتر هاوڵاتییان لە دڵەڕاوكێی بەدەستهێنانی مووچەكانیان نەبن”.