بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سنووری گوندەكانی(مایاوا و مۆریاس) لە ناحیەی بەرزنجە ئاگر كەوتەوە و بە هەوڵی دانیشتووانی هەردوو گوندەكە ئاگرەكە كۆنترۆڵكرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئاگرێك لە سنووری گوندەكانی مایاوا و مۆریاس لە ناحیەی بەرزنجە كەوتەوە و دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە دەرچوون بۆ شوێنی دیاریكراو، لەگەڵ گەیشتنیان بە هاوكاریی هەریەكە لە ( ئاسایش و پۆلیس و هۆبەی دارستان و پاوانی ناحیەی بەرزنجە) و خەڵكی هەردوو گوندی ناوبراو و دانیشتووانی بەرزنجە توانیان بە ماوەی سێ كاتژمێر كۆتایی بە ئاگرەكە بهێنن و كۆنترۆڵی بكەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئاگرەكە زەرەر و زیانی زۆری لێكەوتەوە و زیاتر لە 100 دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سووتان و هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نادیارە و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بارەیەوە بەردەوامە.