کەمئاوی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی هێندە مەترسیدار کە وەزارەتی ژینگە هۆشداریدەدات دروستبوونی کارەسات و لەناوچوونی زیندەوەرە هەمەچەشنەکانی وڵات، بەتایبەت لە رووبارەکان و زۆنگاوەکاندا.
زۆنگاوە بەناوبانگەکان لە سێ ناوچەدا چڕبوونەتەوە لە عێراق کە زیقار، میسان و بەسرەیە و لەلایەن یونسکۆوە لە ساڵی 2016 وەک میراتی جیهانی ناسێنراون، بەهۆی شێوازی دەگمەن و جۆراوجۆریی زیندەوەران و ئەو باڵندانەی کۆچیان بۆ دەکەن.
لەبارەی دۆخی زۆنگاوەکانەوە نەجلە موحسین وائیلی بەڕێوەبەری هونەری لە وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، “ژینگە و ژیانی زیندەوەرانی زۆنگاوەکان لە مەترسی و کارەساتی لەناوچووندان بەهۆی کەمئاوی و وشکبوونەوەی ئەو ناوچانە”.
باسی لەوەشکردووە کە کەمبوونەوەی ئاو و وشکبوونەوە هۆکاری مەترسییەکانن دواش لە وەزارتی ئاو دەکات چارەسەری خێرای کێشەکە بکات.
هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، چالاکییەکانی مرۆڤ لە خراپ بەکارهێنانی ئاو و پیسبوونی ئاو بە پاشماوە پیشەسازی و پزیشکییەکان هۆکاری ئەو کێشانەن.