2023 گەرمترین بووە و باشتریش لە 2024 چاوەڕوان ناكرێت!

بەپێی ئەو تۆمارە نوێیانەی ئەمڕۆ بڵاوكرانەوە ساڵی 2023 گەرمترین بووە، لەگەڵ ئەوەشدا زانایان هۆشداریدەدەن لەوەی ئەو گەرما پێوانەییەی لەو ساڵەدا تۆماركران لە 2024 تێدەپەڕێندرێت.

خزمەتگوزاریی كۆپەرنیكۆس تایبەت بە گۆڕانی ئاووهەوای سەر بە یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، 2023 بە كردەیی گەرمترین ساڵ بووە لە ساڵی 1850وە، پلەی گەرمای رووكاری دەریا لە جیهاندا گەیشتووەتە ئاستێكی بێ پێشینە.

هەروەك ناوەندی پلەی گەرمای هەوای جیهان لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی 15 پلەی سەدی، بەوەش ئەو ژمارە پێوانەییەی پێشووی شكاندووە كە لە 2016 تۆماركرا، بە زیادبوون بە بڕی 0.17 پلەی سەدی.

خزمەتگوزاریی كۆپەرنیكۆس، كە ناوەندی ئەوروپی بۆ پێشبینییە مامناوەندەكانی كەشوهەوا بەڕێوەیدەبات، تۆماریشكردووە كە ساڵی 2023 لە ئاستی ناوەنددا گەرمترین بووە بە بڕی 1.48 پلەی سەدی بەراورد ئاستی بەر لە سەردەمی پیشەسازی، كاتێك مرۆڤ دەستیكرد بە سووتاندنی وزەی بەردین لەسەر ئاستێكی فراوان.

لە ئەیلولی رابردوو ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەكانی گەرما وتی، “هەسارەکەمان لە سەرەتای وەرزێکی کوڵاندایە، گەرمترین هاوینە کە تائێستا تۆمارکراوە”، ئاماژەی بەوەشکرد “داڕمانی ئاووهەوا دەستیپێکردووە”.

بەڵام زانایانی كەشناسی لە كۆپەرنیكۆس پێیانوایە ئەم ژمارە پێوانەییە دەكرێت جارێكی دیكە و بەمنزیكانە بشكێندرێت، چونكە بەپێی پێشبینییەكان ساڵی 2024 گەرمتر دەبێت، ئەمەش واتای روودانی كەشوهەوای زۆر دژوارتر لەوەی لە ساڵی رابردوودا جیهان بەدەستیەوە گیرۆدەبوو.

بەپێی راپۆرتەكانی پێشوو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆكار بووە بۆ چەندین دیاردە، لەوانە زیادبوونی رووداوی ئاگری دارستانەکان لە رۆژهەڵاتی کەنەدا، وشکەساڵی لە ئەفریقا و بارانبارینی بەخوڕ و شەپۆلی گەرما لە بەریتانیا.

کۆنفرانسی گۆڕانی ئاووهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان “COP28” کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە دوبەی بەڕێوەچوو، گەیشتە نەخشە رێگایەک بۆ “گۆڕانكاری بەرەو دووركەوتنەوە لە سووتەمەنیی بەردین”، بەڵام هێشتا رێککەوتنەکە لە خواستی چاوەڕوانکراو بۆ “كۆتاییهێنانی قۆناغ بە قۆناغی”ی نەوت و خەڵوز و گاز-ی كەمە.

گۆتیرێش وتی، پرسەكە لەڕووی زانستییەوە روونە كە سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان بۆ ئەوەی 1.5 پلەی سەدی تێنەپەڕێنێت “مەحاڵ دەبێت بەبێ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ واز لە هەموو جۆرە سووتەمەنییە بەردینیەکان نەهێندرێت”، هۆشداریشیدا لەوەی زۆرێک لە وڵاتانی لاواز مەترسیی ژێرئاوكەوتنیان لەسەرە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی خستنەكاری كامێراكانی تۆماركردنی خێرایی دەدات

بابەتی دواتر

هاوڵاتییان دەتوانن لەم بانكەوە دۆلار بە نرخی رەسمی وەربگرن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

“لوتكەی نەتەوەیەكگرتووەكان دوایین و باشترین هیوایە بۆ ڕوبەروبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا”

نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاووهەوا دەڵێت، كۆبوونەوەی لوتكەی ئەمساڵی نەتەوەیەكگرتووەكان دواهەمین و باشترین هیوایە لەبەردەم جیهاندا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی…
Total
0
Share