رێگرییەكانی بەردەم سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكرێت

پەرلەمانتارێكی لیژنەی نەوت و وزە رێگرییەكانی بەردەم سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و مەرجەكانی توركیا لەو رووەوە ئاشكرادەكات.

دووشەممەی رابردوو هەردوو شاندی توركیا و عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی كوردستان لە بەغداد كۆبوونەوەیەكیان تایبەت بە داواكاریی عێراق بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری و لەڕێی بەندەری جەیهان-ی توركییەوە ئەنجامدا، بەڵام كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام بوو.

كازم توكی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، توركیا بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە بۆرییە نەوتییەكە بەهۆی بومەلەرزەكەوە زیانی بەركەوتووە، بەڵام لە راستیدا بڕیاری توركیا بە وەستاندنی هەناردەی نەوت روویەكی سیاسی هەیە، پاش بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس بە وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێم.

وتیشی، “حكومەت زیاتر لە جارێك داوای ناردنی شاندی توركی كرد بۆ تاوتوێكردنی بابەتەكە، توركیا چاودێریی بودجەی عێراقی دەكرد، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە هەناردە لەڕێی جەیهان-ەوە، لە راوەستانی هەناردەدا حكومەتی ناوەند زەرەرمەندی سەرەكییە نەك كوردستان”.

توركیا دەیەوێت بەغداد سازش لەو پرسە بكات كە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەكە بەرزكراوەتەوە، وەك مەرجی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت، وەك ئەوەی پەرلەمانتارەكە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی پێدا و پێشیوایە “یەكێك لە رێگاچارە جێگرەوەكان بۆ هێڵی جەیهان، نوێكردنەوەی هێڵی عەقەبەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “بەندەرە نەوتییەكانی بەسڕە بە تەواوی توانای هەناردەی خۆیانەوە كاردەكەن، عێراقیش ناتوانێت توانای بەرهەمهێنان بەرزبكاتەوە بەهۆی راوەستانی هێڵی جەیهان، لەئێستاشدا نەوت بەرهەمدێت و هەناردەناكرێت، عێراقیش پارەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان دەدات، تەنانەت سەرەڕای وەستانی هەناردە”.

پێشتریش نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عیراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ناکۆکییەکان بەهۆی چەند خاڵێکەوە بوون، کە تورکیا ژمارەیەک داواکاریی هەبووە و عێراق رەتیکردووتەوە، لەوانە تورکیا داوای کردووە عێراق قەرەبووی تورکیا بکاتەوە بەهۆی ئەو چەند مانگەی رابردوو کە هەناردەی نەوت راگیراوە لە بەندەری جەیهانەوە، بەڵام عێراق رەتیکردووەتەوە و رایگەیاندووە، راگرتنی هەناردەی نەوت بڕیارێکی نێودەوڵەتی بووە و عێراق ئەو بڕیارەی نەداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها تورکیا داوایکردووە کە عێراق سازش لەو بڕە پارەیە بکات کە دادگای نێودەوڵەتی دایناوە بۆ ئەوەی تورکیا وەک قەرەبووی هەناردەی نەوت بەبێ رەزامەندی عێراق بیدات بەو وڵاتە و بڕەکەشی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلارە و عێراق ئەو داوایەشی رەتکردووەتەوە.

ئەو شارەزایە ئەوەشی وت، “تورکیا گرەو لەسەر پێویستیی عێراق بە پارەی زیاتر دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی گەورە لە بودجەی ساڵی 2023دا، بەتایبەتی کە عێراق مانگانە نزیکەی ملیارێک دۆلار زیانی پێدەگات بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، لە بەرامبەردا تورکیاش بە هەمان شێوە پێویستی بە دووبارە هەناردەی نەوتی عێراق هەیە، چونکە وەستاندنی ساڵانە نزیکەی دوو ملیار دۆلاری زیانی لێدەدات، تورکیا حەز دەکات ببێتە رێڕەوێکی سەلامەت و متمانەپێکراو بۆ بۆرییەکانی نەوت و گاز”.

بابەتی پێشتر

دوایین هیوای ژێردەریاییە ونبووەکە.. ڤیکتۆر 6000ی فەرەنسی شەڕ لەگەڵ کاتدا دەکات

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەکی نوێ: رەگەز کاریگەریی گەورەی هەیە لە دیاریکردنی جۆرەکانی شێرپەنجە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share