کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پەسەندکردنی ماددەی 14ی بودجەی گشتیی عێراق دەڵێت، لەپێشینە دانانی مووچەی مووچەخۆران و پەسەندکردنی ئەو ماددەیە دەبوو زووتر بکرێت و ئەوەی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران کردی هەوڵێک بوو بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی.
کاروان گەزنەیی لە پەڕەی تایبەتی خۆی نووسیویەتی، “لەمێژ ساڵبوو لە نزیکەوە شایەتی برسیکردن و گەمارۆخستنەسەر پارێزگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بووین، دەمێکبوو هەموو رێکارێکمان گرتەبەر بەرامبەر بە سیاسەتی برسیکردن و خۆسەپێنی و قۆڵبادان، سوودی نەبوو”.
دەڵێت، “زۆرمان وت و کەم گوێیان گرت”.
ئەو پەرلەمانتارانە جەختدەکاتەوە، “ئەوەی ئازایانە فراکسیۆنی یەکێتی و هاوپەیمانەکانییان کردیان، هەوڵێکبوو بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حکومڕانی و نادادی و ناجۆری سیاسەتکردن بە شێوەیەکی یاسایی و لەسەر بنەمای دەستوور”.
“ئەگەر ویستی خۆسەپێنی و جیاکاری و نادادی لە ئەجێنداتاندا نییە، هیچ نەگۆڕاوە جگەلە بیرهێنانەوە لە هەبوونی ماددەیەکی دەستووری بۆ پاراستن و زامنکردنی مافی هاوڵاتییان” کاروان گەزنەیی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە لەپێشینەدانانی مووچە و سەپاندنی دادەپەروەری و یەکسانی لە نێوان پارێزگاکان، کارێکی لە پێشینە و گرنگ بوو، لەهەمانکاتدا، هەوڵێک بوو بۆ پێشگرتن و کۆتایهێنان بە ویستی تاکڕەوی و خۆسەپێنی و سیاسەتی خۆزاڵکردن بە زۆرینە و کەمینە.
کاروان گەزنەیی نووسیویەتی، “ئەقڵەیەتی کە لەگەڵ من نەبیت، دووژمنمیت و خائینیت، چیتر جەدوای نییە، خەڵک هۆشیارە و ژیانیان دەوێت نەک سیاسەتی دروشمبازیی بێ ناوەڕۆک و برسیکردن و بە کۆیلەکردن”.